کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندەرێکی بازرگانی و لەنگەرگایەک لە دوورگەی قشم کرانە ئامانج

11:13 - 14 خاکەلێوه 2726

بەپێی وێنە ماهوارەییەکانی یەکیەتیی ئورووپا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە، بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵێکی زۆر لە بەندەرێکی دوورگەی قشم بەرز بووەتەوە.

بەرپرسانی ناوچەی ئازادی قشم ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە بەندەرییەکان لە ماوەی نێوان ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خاکەلێوە تا نیوەڕۆی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە، بەشێک لە "بەندەری بازرگانیی بەهمەن" و "لەنگەرگای ماسیگریی دەوحە" لە دوورگەی قشم زیانیان بەرکەوتووە.

هاوکات، مەنسوور عەزیم‌زادە ئەردەبیلی، جێگری سەرۆکی ناوچەی ئازادی قشم، جەختی لەوە کردەوە کە بەندەری بەهمەن بەتەواوی بەندەرێکی بازرگانییە و هێرشکردنە سەری بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد.

دوورگەی قشم کە دەکەوێتە نزیک بەندەر عەباس و لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداودا هەڵکەوتووە، پێشتریش لەم شەڕەدا کراوەتە ئامانج. لە حەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، کۆمەڵگەیەکی شیرینکردنی ئاوی دەریا لەو دوورگەیە کرایە ئامانج کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە تا ئێستاش نەتوانراوە دووبارە بخرێتەوە گەڕ.