کییێر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتەکەی خەریکی داڕشتنی یاسایەکی نوێیە بە مەبەستی سزادان و سنووردارکردنی چالاکییەکانی سپای پاسدارانی.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ستارمر لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا لەژێر گوشارێکی زۆردابوو بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا، هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر بەو دامەزراوە سەربازییەی ئێران وەربگرێت.
وەزارەتی نێوخۆی بریتانیا ئاشکرای کردووە، هەرچەندە بەپێی یاسا کۆنەکان نەدەکرا ڕێکخراوە فەرمییەکانی وڵاتان سزای تێرۆریان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام ئێستا سەرقاڵی جێگیرکردنی ڕێسایەکن کە "هێزێکی هاوشێوەی سزای تیرۆر"ی هەبێت.
ئەم یاسایە ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی لەندەن دەدات بە توندی ڕووبەڕووی ئەو "چالاکییە تێکدەرانە" ببنەوە کە ڕێژیمی ئێران لە نێو خاکی بەریتانیادا ئەنجامیان دەدات.
سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە میانی سەردانێکی بۆ کەنیسەی "کەنتۆن" لە لەندەن، کە بەم دواییانە هێرشی کرابووە سەر، جەختی کردەوە کە لە حەوتووەکانی داهاتوودا وردەکاریی ئەم ڕێکارانە ڕادەگەیەنێت.
جێی ئاماژەیە کە گرووپێکی ئیسلامی بە ناوی "حەرەکەی ئەسحابولیمین" کە گومانی پەیوەندییان بە تارانەوە لێدەکرێت، بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ناوەندە جولەکەکانیان لە ئورووپا و بریتانیا گرتووەتە ئەستۆ.