کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاونیشتمانییان لە ئیلام بە تۆمەتی بێ‌بنەما

12:24 - 5 بانەمەڕ 2726

بەرپرسی گشتیی دەزگای بەنێو دادوەریی ئیلام، دەرکردنی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی هاونیشتمانییانی لە پارێزگای "ئیلام" ڕاگەیاند کە لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە وەک "پاڵپشتیکاری دوژمن" ناسێندراون.

بە وتەی عمران عەلی‌محەممەدی بەرپرسی گشتیی دەزگای بەنێو دادوەریی ئیلام، پرۆسەی چاوەدێری، ناسین و دەستبەسەرداگرتنی دارایییەکان لە ڕێگەی سیستمێکەوە بە ناوی "سەهام" و بە شێوەی ئانلاین ئەنجام دەدرێت تا ئەگەری هەر جۆرە گواستنەوەیەکی ماڵ و سامان لەنێو بچێت.

بەپێی ئەم فەرمانە، ئەژمارە بانکییەکان، دارایییەکانی بورس، خانووبەرە، ماشین و دارایییەکانی دیکە کە بایەخی ئابوورییان هەیە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

ڕەخنەگران ئەم هەنگاوە وەک نیشانەیەک بۆ پەرەسەندنی بەکارهێنانی ئامرازە ئابوورییەکان بۆ گوشار خستنە سەر هاووڵاتییان دەبینن.

جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سیاسەتانە لە بارودۆخی قەیراناویدا دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە مافی خاوەندارێتی و ئەمنییەتیی ئابووری.