کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی باڵەکانی ڕێژیم پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای پەک خستووە

12:27 - 5 بانەمەڕ 2726

ناکۆکییە نێوخۆیییەکان لە پێکهاتەی سیاسیی ڕێژیمی ئێراندا، پڕۆسەی هەوڵەکان بۆ پێشخستنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بەرەوڕووی ئاستەنگی جیددی کردووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ"، درز و جیاوازیی نێوان دامەزراوە بڕیاردەرەکان لە تاران بووەتە هۆی خاوبوونەوە و ئاڵۆزبوونی پڕۆسەی گفتوگۆکان. لە کاتێکدا هەندێک ڕەوتی سیاسی خوازیاری پێشخستنی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانن، بەشێک لە پێکهاتە ئەمنییەتییەکان و دەسەڵات دژی هەر جۆرە ئیمتیازدانێک لە پڕۆسەی گفتوگۆکاندان.

ئەم ناکۆکییە نێوخۆییانە بوونەتە هۆی ئەوەی هەماهەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی سەختی ببێتەوە و لە ئەنجامدا، هەندێک خولی دانوستانەکان یان دواخراون یان بەبێ ئەنجامێکی دیار کۆتایییان هاتووە.

واڵ ستریت ژوورناڵ جەخت دەکاتەوە کە ئەم درزانە لە پاڵ گوشارە دەرەکییەکاندا، کەشێکی بێ‌متمانەییان لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا زیاتر کردووە و ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناڕوونتر کردووە؛ بابەتێک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەش هەبێت.