میدیا دەوڵەتییەکانی کوەیت بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە هێرشێکی دڕۆنی کراوەتە سەر یەکێک لە دامەزراوە نەوتییە گرینگەکانی ئەو وڵاتە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە ڕووی داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەرمیی کوەیت (کۆنا)، شیرکەتی نەوتی کوەیت (KPC) ڕایگەیاندووە کە پاڵاوگەی "مینا ئەحمەدی" کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشە و چەندین ئاگر لە بەشە جیاوازەکانی ئەو شوێنە کەوتووەتەوە.
بە وتەی ئەو شیرکەتە، چالاکییەکانی پاڵاوگەکە بە تەواوی ڕاگیراون و تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
شیرکەتی نەوتی کوەیت جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و هەموو پێرسۆنێلەکان سڵامەتن. لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکانی پەیوەست بە ئاستی زیانەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر توانای بەرهەمهێنانی نەوت هێشتا ڕانەگەیەندراون.
پاڵاوگەی "مینا ئەحمەدی" یەکێکە لە گرینگترین و گەورەترین پاڵاوگە نەوتییەکان لە کوەیت و ناوچەی کەنداوە و دەورێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەدا دەگێڕێت.
ئەم دامەزراوەیە نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەریش بەهۆی هێرشێکی هاوشێوەوە بۆ ماوەیەکی کاتی داخرابوو؛ ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی بەردەوامیی هەڕەشەکان بۆ سەر ژێرخانە وزەییەکانی ناوچەکە زیاد کردووە.