بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ١٤ی خاکەلێوە، زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین ناوچەی جیاوازی تاران و شارە گەورەکانی ئێرانیان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ئێران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ناوچەی "پەردیس" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراوە و وێنەی هێرش بۆ سەر ناوچەی "سورخەحەسار" لە پێیتەخت تۆمار کراوە.
هاوکات لە شارەکانی تەورێز، قوم، کەرەج و شیراز دەنگی تەقینەوەی هاوشێوە بیستراوە. لە شیراز بەهۆی هێرشە یەک لە دوای یەکەکان، چەندین تەقینەوەی زۆر بەهێز ڕوویان داوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی مەشهەد ڕووی داوە و ڤیدیۆکان ستوونی دووکەڵ لەو شوێنانە نیشان دەدەن کە کراونەتە ئامانج.
ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیم لە چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر تێلئاڤیڤ و ناوەڕاستی ئیسرائیل.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئەو مووشەکانەی کە لە لایەن ئێرانەوە هاوێژراون بەرپەرچ دراونەتەوە.
تا ئەم ساتە هیچ ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بە زیانە گیانی یان ماڵییەکانی ئەم هێرشە مووشەکییە بڵاو نەکراوەتەوە.