کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ٨٠٩ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

17:18 - 5 بانەمەڕ 2726

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا سەدان هێرشی مووشەکی و دڕۆنی تۆمار کراون و ئاشکرای کرد کە ئەم هێرشانە زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی "فەرمانگەی میدیا و زانیاری" حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی نێوان ٩ی ڕەشەمە تا ٣١ی خاکەلێوە، بە گشتی ٨٠٩ هێرش بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم تۆمار کراون کە پێکهاتوون لە ٧٠١ هێرشی دڕۆنی و ١٠٨ هێرشی مووشەکی کە هەولێر، پێیتەختی هەرێم ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە بووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێلایەنیی هەرێمی کوردستان لە گرژییە ناوچەییەکاندا، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربوونی ١٢٣ کەسی تر، هەروەها زیانێکی زۆریشیان بە خانوو، شوێنی کار و ژێرخانە مەدەنییەکان گەیاندووە.

لەو نێوەدا، ١٠ پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٧ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر و ژن و مێردێکی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی شەهید بوونە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەدان هاووڵاتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیانی دارایییان بەرکەوتووە.

بەرپرسانی هەرێم وێڕای ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە، داوایان لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنیان بنێت و داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانەکان بێتە سەر خەت.