ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە "زولەیخا مکائیلی"، ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و دایکی دوو شەهیدی سەربەرزی حیزبی دێموکرات، لە گوندی "شاوانێ" سەر بە شاری شنۆ بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دایە زولەیخا دایکی "سەید ئەنوەر" و "سەید محەممەد عەلەوی"ـە کە لە پێناو ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوونە. شەهید سەید ئەنوەر عەلەوی، فەرماندەی لک بووە و لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٥٩دا لە ناوچەی "کانی سپی" لە تێکهەڵچوونێکدا شەهید بووە.
هەروەها شەهید سەید محەممەد عەلەوی، پێشمەرگەی حیزب بووە کە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٥٩دا لە ناوچەی "خدرئاوێ"ی سەردەشت شەهید بووە و تەرمەکەی لە گوندی شاوانێ ئەسپەردەی خاک کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە کوڕێکی دیکەی دایە زولەیخا بە ناوی "سەید عەلی عەلەوی"، کە پێشتر ئەزموونی چەند ساڵ پێشمەرگایەتیی هەبووە و دواتر خەریکی کاسبی بووە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.