کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: ڕێگە نادەین ئێران لە گەرووی هۆرمۆز باجگیری بکات

12:08 - 14 خاکەلێوه 2726

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئەو یەکیەتییە لە وڵامی گرژییەکانی ئەم دواییەی گەرووی هۆرمۆز، بەدوای فراوانکردنی ئەرکی دەریایی "ئاسپیدس"ـدایە و جەختی کردەوە کە نابێت ئێران بتوانێت ئەم ڕێڕەوە ئاوییە پڕبایەخە بۆ باجگیری بەکاربهێنێت.

کایا کالاس، ڕۆژی پێنجشەممە دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئانلایندا کە بە دەسپێشخەریی وەزیری دەرەوەی بریتانیا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٤٠ وڵات بەڕێوەچوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "گەرووی هۆرمۆز داراییەکی گشتیی جیهانییە و یاسا نێودەوڵەتییەکان پلانەکانی تێپەڕین لە بەرامبەر پارەدان بە فەرمی ناناسن."

کالاس ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکیەتیی ئورووپا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بژاردە دیپلۆماسی، ئابووری و ئەمنییەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تێپەڕبوونی ئەمنییەتی کەشتییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی کەشتیڕانیش لە کارنامەیاندایە.

بە وتەی ئەو، ئەرکی "ئاسپیدس" تا ئێستا هاوکاری نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەشتی لە دەریای سووردا کردووە و ئێستا پێویستی بە فراوانکردن هەیە.

لە دوای چڕبوونەوەی تێکهەڵچوونەکان لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بە کردەیی پەکی کەوتووە و ئەم بابەتەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.