کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانیان بە ڕێژەی ٢٥ لەسەد کەم کردەوە

11:32 - 6 بانەمەڕ 2726

ڕۆژنامەی "ئیعتماد" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کارخانەکانی پۆڵا لە ئێران، نزیکەی ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی توانای بەرهەمهێنانی ئەم کەرەستەیە لە ئێراندا لەنێو چووه‌. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکەی ١٠ میلیۆن تۆن لە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی پۆڵا کەمی کردووە، لە کاتێکدا کۆی بەرهەمهێنانی ساڵانەی ئەم پیشەسازییە نزیکەی ٣٢ میلیۆن تۆن بووە.

هەردوو شیرکەتی "پۆڵای خوزستان" و "پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان" لە نیوەی یەکەمی مانگی خاکەلێوەدا کرانە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

 بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ٧٠ لەسەدی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانیان لەنێو بردووە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و هەم سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسداران وشک دەکات و هەم توانای بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنییان لێ زەوت دەکات.

لە بەرامبەردا، ئەو شیرکەتانە ڕایانگەیاندووە کە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکان ڕەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.