
د. قادر وریا
وا دێتە بەرچاو کە میراتگرانی خامنەیی، شاردنەوەی تەرمی ڕێبەری سیاسی- دینیی خۆیان بۆ کاتێک هەڵگرتووە کە بە خەیاڵی خاوی خۆیان لەم شەڕەدا سەر دەکەون. جارێ ڕوون نییە کە چارەنووسی ئەم ڕێژیمە بە هۆی شەڕێک کە خۆی هۆکاری هەڵگیرسانیەتی بە کوێ دەگات، بەڵام ئەگەر مانەوە و ڕزگاربوونێکیش لەم شەڕەدا بۆ ئەوان هەبێت و بە پێکهێنانی گەورەترین ڕێوڕەسمەکانیش بۆ ژێرخاک کردنی، ناتوانن سیمایەکی جیاواز لەوەی هەبوو، لەم دیکتاتۆرە بە خەڵکی ئێران و جیهان نیشان بدەن. ئەو ڕۆژەی دیکتاتۆر دەخرێتە گۆڕ، پرسیارێک کە خەڵکی ئێران و جیهانییەکان لە بارەی خامەنەیی لە خۆیانی دەکەن، ئەوەیە کە ئەو ڕێبەرە سیاسی و ئایینییەی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی دوور و درێژی دەسەڵاتدارەتییەکەیدا وڵاتەکەی خۆی بە کوێ گەیاند و چ میراتێکی لە دوای خۆی بەجێ هێشت؟
خامنەیی ئەو دیکتاتۆرە بوو کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی لە دەست خۆی گرتبوو. هەموو جۆرە هەڵبژاردنەکانی وڵاتی- کە هەر لە بناغەوە هەڵبژاردنێکی ئازاد نین- بە میکانیزمەکانی وەک شوڕای نیگابان و ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرەکان لە نێوەرۆک بەتاڵ کردبوو و کردبوونی بە شتێکی تەواو ڕواڵەتی کە لە خزمەت ئامانجەکانی خۆیدا بن. زەندەقی لە خوێندنی زانکۆکان، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران چووبوو. چەندین دەزگا و دامەزراوەی بۆ کۆنتڕۆڵی زانستگەکان، وەدەرنانی مامۆستایانی جیابیر، سەرکوتی بزووتنەوەی خوێندکاری و دەمکوت و گرتنی خوێندکارانی ئازادیخواز، ڕاسپاردبوو. کەم دیکتاتۆرهەن بە ڕادەی خامەنەیی دژی چاپەمەنی بووبن. وەزارەتی ئیتلاعاتی بۆ جێبەجێکردنی سیناریۆی قەتڵە زنجیرەییەکان، واتە تێرۆری یەک بە دوای یەکی نووسەرانی ڕەخنەگر ڕاسپاردبوو. لە وتارەکانیدا لەسەر سانسۆر و دەمکوتکردن پێداگر بوو؛ بەردەوام دژی چاپەمەنیی جیابیر و ڕەخنەگر دەدوا، هەڕەشەی لێ دەکردن و بە شێوەی فەلەیی دایدەخستن. ئەنترنێت ببووە بەڵای گیانی و پەیتا پەیتا کاربەدەستانی وڵاتی سەرکۆنە دەکرد کە بە ڕادەی پێویست ئەنترنێتیان کۆنتڕۆڵ نەکردووە.
تێرۆری نەیاران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەرکوتی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بە توندترین شێوە؛ دژایەتی لەگەڵ ماف و ئازادیی ژنان و بەرزبوونەوەی پێگەیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا؛ پەرەپێدان و پاراستنی هەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزی و زمانی؛ دروستکردنی دۆزخێک بۆ بەهاییەکان، مەسیحییەکان، یەهوودییەکان، زەردەشتییەکان، یارسانییەکان، تەنانەت سوننییەکان کە موسوڵمانیشن، بەشێکی دیکە لە میراتی سەردەمی دوور و درێژی دەسەڵاتداریی ئەو دیکتاتۆرەن. لە سێبەری دەسەڵاتداریی خامەنەییدا، شتێک بەناوی ئازادییە تاکەکەسییەکانیش تەحەممول نەدەکرا و ژنان و لاوان، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنە ئیسلامییەکان، ئەو پەڕی سووکایەتییان پێ دەکرا.
ئەگەر بێێنە سەر تەرخانکردنی زۆرترین سامانی وڵات بۆ بەدیهێنانی خەون و بەرنامە ئایدۆلۆژییەکانی، ئەو کات دەزانین ئەم دیکتاتۆرە چ کارەساتێکی گەورەی بەسەر وڵاتی ئێران هێنا. خامنەیی لە ماوەی ٣٧ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا، زۆرترین داهاتی وڵاتی بۆ بەهێزکردنی سپای پاسداران و دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەڕێخستنی دامەزراوە ناوکییەکان بە نیازی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تەیارکردن و بەخێوکردنی گرووپە نەیابەتییەکان لە لوبنان، عێراق و یەمەن، ڕاگرتنی ڕێژیمی دیکتاتۆری سووریە، پەرەپێدانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی هاژەک و درۆن تەرخان کرد. هەمووی ئەو بەرنامانەی لە خزمەت خەیاڵی خاوی خۆیدا بوون کە کە بریتی بوون لە: پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەکی شیعە لە ناوچەکە بە ڕێبەرایەتیی خۆی، لە نیوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، تێکشکاندنی هەژمۆنی ئەمریکا و بەچۆکداهێنانی وڵاتانی هاوپەیمانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە ئەنجامی پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتانەدا، زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە لایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، توندترین گەمارۆی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاوە، سپای پاسداران و ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی ڕێژیم بە تیرۆریست ناسراون. ئابووریی ئێران بە هۆی تەرخانکرانی سامانی وڵات بۆ ئەم جۆرە بەرنامانە و هەروەها بە هۆی ئەو گەمارۆیانەوە تووشی گەورەترین قەیرانەکان بووە. قەرار بوو ئەم بەرنامانەی خامەنەیی، ئەمنییەت بۆ ئێران دەستەبەر بکەن و تەمەنی ڕێژیمەکەی بۆ هەتا هەتایە درێژ بکەنەوە. خامنەیی قسەی لە گەیشتن بە لوتکە (قوڵلە) بەم زووانە دەکرد و دەستوپێوەندەکانی خۆی ڕاسپاردبوو، سروودی "سەلام فەرماندە" بە هەموو زمانەکانی نێو چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەکەی ئامادە بکەن، تا بە دەیان میلیۆن لە لایەنگرانی بە نیشانەی نیزیکبوونەوە لە ترۆپکی سەرکەوتن بیڵێنەوە.
ئەو پێی وابوو بە دروستکردنی هەزاران هاژەکی بالستیکی تەنانەت دوورمەودا و دەیان هەزار درۆنی هەرزان، بە نزیکبوونەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، و بەو هەمووە گرووپە نەیابەتییە پڕچەکانەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەم ناوچەیە ڕێکی خستوون، خەریکە دەگاتە ترۆپکی سەرکەوتن، ئیدی بێ گرنگیدان بە ژیانی پڕ لە ڕۆژرەشیی خەڵکی وڵاتەکەی، بێ گوێگرتن لە وریاکردنەوەکانی وڵاتانی دژبەر، دەتوانێ درێژە بە لاساریی خۆی بەرانبەر کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بدا و بە ئامانجەکانی بگا. لە ئاکامدا دوو جار شەڕی بۆ ڕێژیمەکەی و خەڵکی وڵاتەکەی کڕی. ئەگەرچی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا خۆی و هێندێک لە مۆرە گەورەکانی توانیان گیانی خۆیان دەرباز کەن، بەڵام لە دەستپێکی شەڕی دووهەمدا، بۆخۆی لە پێش هەموو گەورە فەرماندەران و مۆرە پلەبەرزەکانیشیدا، کوژرا. سپای پاسدارانەکەی، وەزارەتی ئیتلاعاتەکەی، گرووپە نیابەتییەکانی، یەکەکانی هەڵدانی هاژەک و درۆن و دەیان شارۆچکەی ژێرزەمینیی پڕ لە هاژەکیش کە بە توندی ببوونە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، نەیانتوانی گیانی دیکتاتۆر بپارێزن. تەنانەت نەیانتوانی بەشی یەک ڕۆژ کە لاشەی دیکتاتۆری تێدا بە خاک بسپێردرێ و زیاتر لە چلوپێج ڕۆژ لە سەر وێرانەکانی ئەم شەڕە، بای ئەم دنیایە لێی نەدا، ئەمنییەت پێک بێنن. پەندی لەمانەش سەیرتر دانیشتن و وتووێژی میراتگرەکانی لەگەڵ بکوژانی خۆی، لە گەڵ نێردەکانی ئەمریکایەک بوو کە وتووێژ لە گەڵ ئەوانی بە ناشەرافەتمەندانە دەزانی و ڕەتی کردبۆوە!
ئێستا ئەوەی لە خامەنەیی بە میرات ماوەتەوە، ڕێژیمێکی شڕ و لاواز و بێ سەر، بە چارەنووسێکی شوومەوە، بە کۆمەڵێک گرووپی نەیابەتیی لە خۆی تێکشکاوتر، لەو لاشەوە وڵاتێکی وێران بە ناوی ئێران و خەڵکێک کە هەروا لە نێو لێکەوتەکانی دەسەلاتدارێتیی ئەو دیکتاتۆرەدا، خەریکن دەپڵیشێنەوە.