کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی میدیایەکی ئیسرائیلی لەمەڕ بنبەستی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران

12:17 - 14 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتوونەتە بنبەست و هاوکات ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە بەردەوامیی تێکهەڵچوونەکان لە ئارادایە.

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوە نووسیویەتی کە ئەم دانوستانانە بەهۆی بێمتمانەیی لایەنەکان بەرامبەر یەکتر و ناکۆکی لەسەر گەرووی هۆرمۆز و دۆسیەی ئەتۆمی وەستاون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ناوچەیی، ئێران داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و وەرگرتنی گەرەنتی دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستھێنانی دانوستانەکان شەڕ دەست پێنەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا جەخت لەسەر کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هۆرمۆز و ڕادەستکردنی تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێنراو دەکاتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە دەشڵێت سەرەڕای بنبەستەکە، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی نێوبژیوانە ناوچەییەکانەوە بەردەوامە، هەرچەندە پێکهاتەی لایەنی ئێرانی لەم پرۆسەیەدا ڕوون نییە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم ئاماژەی بە پێنج بابەتی سەرەکی کردووە کە لە نێوان ئامانجەکانی ئەمریکادان: "ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی، لەنێوبردنی هەڕەشە سەربازییەکان بەتایبەتی سیستمە مووشەکییەکان، پشتگیری نەکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچە، گۆڕین یان لاوازکردنی ڕێژیم و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز."

هاوکات، بە نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ پەرەسەندنی ئەگەریی تێکهەڵچوونەکان ئامادە دەکەن و پێشبینی دەکرێت شەڕەکە لانیکەم بۆ  ماوەیەکی دیکە بەردەوام بێت.