کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییە پیشەییەکان بەهۆی دواکەوتنی مووچە و گوشاری بژێوی لە چەند شاری ئێران

10:04 - 7 بانەمەڕ 2726

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگی خاکەلێوە، شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناڕەزایەتی و مانگرتن شارە جیاجیاکانی ئێرانی گرتووەتەوە.

کارمەندانی زانکۆکانی ئێران و بەتایبەت زانکۆی تاران، لە دژی گوشارە بژێوییەکان دەستیان بە مانگرتن کردووە و مامۆستایانیش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر تا شەممە مووچەکانیان وەرنەگرن، کلاسەکانی خوێندن دادەخەن.

هاوکات لە کەرتی تەندروستیدا، کارمەندانی ناوەندی تەندروستیی یەزد بۆ دووەم ڕۆژ لە بەردەم پارێزگاری کۆبوونەوە و لە شاری تەورێزیش شۆفێران و زیان لێکەوتووانی شیرکەتی"گڵۆباڵ" داوای مافە فەوتاوەکانیان کرد.

 ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە قەرزی دەوڵەت بە ڕێکخراوی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" لە هەزار میلیارد تمەن تێپەڕیوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی کرێکاران و خانەنشینان.

لەلایەکی دیکەوە، ناوەندە ئەمنییەکان لە جیاتی وەڵامدانەوەی داواکارییەکان، پەنایان بۆ سەرکوت بردووە و "ئەسغەر حاجب"، چالاکی پیشەیی مامۆستایانی بوشێهریان دەستبەسەر کردووە.

 توندبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە و "گرانیی چرکەبەچرکە" وای کردووە تەنانەت میدیاکانی نێوخۆش هۆشداری بدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە، وڵات بەرەو تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەری دەبات.