کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی میدیاکانی ڕێژیم بە گرانیی چرکەبەچرکە و داڕمانی ئابووریی ئێران

10:23 - 7 بانەمەڕ 2726

هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هاوکاتیی شەڕی ئەم دواییە، لەگەڵ گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە، بووەتە هۆی "گرانیی چرکەبەچرکە"ی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ئێراندا.

لەو ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی "کێشەی پێکهاتەیی درێژخایەن" بووەتەوە و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، دۆخی بژێویی هاوڵاتییانی خراپتر کردووە.

ئەم میدیایەی ڕێژیم بەبێ ئاماژەدان بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی و هەوڵە تێکدەرەکانی لە ئێران و ناوچە کە بە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە ئەژمار دەکرێت، داوای لە خەڵک کردووە بە فیداکاری و دەستپێوەگرتن یارمەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە بدەن.

لە بارودۆخێکدا کە هەڵاوسانی هاوسارپچڕاو و گرانیی بەردەوام، هێزی کڕینی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی لاواز کردووە، خستنەڕووی چەمکێکی وەک فیداکاری و دەستپێوەگرتن لە کردەوەدا بە واتای گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی قەیرانە بۆ سەر شانی ئەو خەڵکەی کە خۆیان لە تەنگژەی بژێویدان.

گەندەڵی بەربڵاو لە پێکهاتەی ڕێژیم و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ چالاکییە ئاژاوەگێرانە و شەڕەنگیزانە بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری دەزانرێن؛ ئەو بابەتانەی کە بوونەتە هۆی توندتربوونی سزاکان لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی جیهان.