وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕ، ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە، لانیکەم ١٤ کەس کوژراون و ٣٧ کەسی دیکەش بریندار بوون؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا هێشتا بەردەوامە. بە وتەی بەرپرسانی لوبنانی، لە نێو کوژراوەکاندا دوو ژن و دوو منداڵ هەن.
بەپێی ئەم ئامارانە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستی ئەمدواییەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تا ئێستا گیانیان لەدەست داوە، بۆ ٣٦ کەس بەرز بووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشانە ڕایگەیاند کە ئەو شوێنانەی کردووەتە ئامانج کە حیزبوڵڵای لوبنان وەک بنکەیەک بۆ "هاویشتنی مووشەک و کۆگای چەک و تەقەمەنی" بەکاری هێناون.
پێش ئەم هێرشانە، ئەرتەشی ئیسرائیل وتبووی کە سەربازێکیان لە هێرشێکی دڕۆنیی حیزبوڵڵادا لە باشووری لوبنان کوژراوە و شەش سەربازی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە سێ دڕۆنی دیکەی هاوێژراو لە لوبنانەوە، بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێندراون.