کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵگریی ئەمریکا: نیوەی توانای سەربازیی ئێران هێشتا ماوە

13:19 - 14 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لەسەر لاوازبوونی توندی توانای سەربازیی ئێران دەکەنەوە، ڕاپۆرتە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە وێنەیەکی جیاوازتر و ئاڵۆزتر لە ڕەوشی مەیدانی نیشان دەدەن.

 بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی ''سی ئین ئێن'' کە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکان، ئێران هێشتا نیوەی سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و هەزاران دڕۆنی خۆکوژی لە کۆگاکانیدا پاراستووە و توانای دروستکردنی مەترسیی گەورەی لە ناوچەکەدا ماوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی ئەم توانایە، پشتبەستنی ئێرانە بە ژێرخانە شاردراوەکان.

 تاران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا تۆڕێکی بەرفراوانی لە تونێل و شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان دروست کردووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کەرەستە سەربازییەکان لە هێرشە ئاسمانییەکان بپارێزرێن. ئەمەش وای کردووە کە تەنانەت لە کاتی پێکانی هەندێک دامەزراوەش، کەرەستەکان بەتەواوی لەنێو نەچن و تەنیا بە شێوەیەکی کاتی لە کار بکەون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئێران تاکتیکی "هاوێشتن و گواستنەوە" بۆ سەکۆ مووشەکییە گۆڕاوەکانی بەکاردێنێت، ئەمەش پرۆسەی ڕاوکردن و پێکانیانی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل قورس کردووە.

هەرچەندە پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە ڕێژەی  ٩٠لەسەد کەمی کردووە، بەڵام سەرچاوە هەواڵگرییەکان دەڵێن ئەم دابەزینە زیاتر پەیوەندی بە ستراتیژیی "کەم بەکارهێنان"ەوە هەیە نەک لەنێوچوونی هەموو چەکەکان.

جگە لە توانای مووشەکی، نزیکەی٥٠ لەسەدی توانای دڕۆنەکانی ئێران و بەشێکی زۆری مووشەکە کروزە بەرگرییەکانی هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەم چکانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرینگترین دەروازەکانی وزە لە جیهاندا.