کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاست کردنەوەی کوژرانی جێگری هەواڵگریی هێزی دەریایی سپای پاسداران

15:10 - 14 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کوژرانی پاسدار " بێهنام ڕەزایی"، جێگری هەواڵگریی هێزی دەریایی ئەو ناوەندەی پشتڕاست کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بێهنام ڕەزایی هاوکات لەگەڵ عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی دەریایی سپا لە ئاکامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراوە.

پێشتر، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ٧ی خاکەلێوەدا ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشێکی ئامانجداردا، عەلیڕەزا تەنگسیری و بێهنام ڕەزایی کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕەزایی لە بواری کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵگری سەبارەت بە وڵاتانی ناوچە چالاکی هەبووە و بەرپرسی هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە جیاوازەکانی هەواڵگری بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەیاننامەکەی فەرماندەیی گشتیی سپای پاسداران تەنیا کوژرانی بێهنام ڕەزایی پشتڕاست کردووەتەوە و هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە کات، شوێن و چۆنیەتی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.