بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە نوێترین پێشنیاری کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە، چونکە پێشنیارەکە پرسی چەکی ئەتۆمیی فەرامۆش کردووە.
بەرپرسێکی ئەمریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند هۆکاری سەرەکیی نیگەرانییەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە گەڵاڵە پێشنیارکراوەکەی تاراندا، هیچ ئاماژەیەک بە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر کۆشکی سپی پشتڕاستی کردبووەوە کە ترامپ و ڕاوێژکارەکانی خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی ئێرانن.
ڕۆژی دووشەممە، هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ناوچەکە ئاشکرایان کردبوو کە ناوەڕۆکی پێشنیارە نوێیەکەی تاران بریتییە لە: "کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هۆرمۆز، لە بەرامبەر دواخستنی وتووێژە ئەتۆمییەکان بۆ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریایییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران".
بەڵام دۆناڵد ترامپ پێشتر هۆشداریی دابوو کە هیچ پێشنیارێک قەبووڵ ناکات ئەگەر بە ڕوونی پرسی وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێدا نەبێت.
سەرەڕای ئەوەی سەرچاوە پاکستانییەکان جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێوەبژیوانییەکان لە نێوان تاران و واشنگتۆن دەکەنەوە، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتن بە ئەستەم دەبینرێت.