کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین ڕەگەزنامەی ٦٩ کەسی بە تۆمەتی پشتیوانی لە هێرشەکانی ئێران هەڵوەشاندەوە

11:00 - 8 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند، ٦٩ کەس بەهۆی "پشتیوانیکردن لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نیشتمانی، ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم کەسانە تۆمەتبار کراون بەوەی "هاوسۆزییان بۆ کردەوە دوژمنکارانەکانی ئێران" نیشان داوە و هەروەها "سیخوڕییان بۆ لایەنی دەرەکی" کردووە. بەرپرسانی بەحرەین ئەم هەڵوێستانەیان وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەقامگیری و ئەمنییەتی وڵاتەکەیان وەسف کردووە.

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی یاسا نێوخۆیییەکان و بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات دراوە.

بەحرەین یەکێکە لەو وڵاتانەی کەنداو کە دوای دەسپێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٩ی ڕەشەمەدا، چەندین جار لەلایەن سپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج.

لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی ئەم کەسانە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو کەسانە دێت کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا، پشتیوانییان لە سیاسەتە توندئاژۆکانی تاران کردووە.