شەپۆلێکی بەرفراوانی دەرکردنی کرێکاران لە کانگاکان، کارگەکانی پیشەسازی و شیرکەتە دیجیتاڵییەکانی ئێران دەستی پێ کردووە و وەزارەتی کار ناتوانێت بیمەی بێکاریی هەزاران کەس دابین بکات.
لە نوێترین قەیراندا، زیاتر لە ۷۰۰ کرێکاری کارخانەی ڕستن و چنینی بروجێرد و دەیان کرێکاری خاوەن ئەزموونی کانگاکانی تەبەس، دوای ۲۰ ساڵ خزمەت لەسەر کارەکانیان لا دراون. ئەم کرێکارانە لە کاتێکدا دەردەکرێن کە هێشتا مووچەی مانگەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و دەوڵەتیش هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنەوەیان نییە.
قەیرانی ئابووری تەنیا کەرتی پیشەسازیی نەگرتووەتەوە؛ لە پارێزگای فارس بەهۆی نەمانی کڕیاری دەرەکی، سەدان کرێکاری کانگاکانی بەرد بێکار بوون. هاوکات، شیرکەتە گەورەکانی وەک "دیجیکالا"ش دەستیان کردووە بە دەرکردنی سەدان کارمەند لە بەشە جیاوازەکاندا، ئەمەش نیشان دەدات کە قەیرانەکە گەیشتووەتە نێو جەرگەی ئابووریی مۆدێرنی ئێرانیش.
بەرپرسانی وەزارەتی کار پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تا ئێستا ١٤٧ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ بیمەی بێکاری تۆمار کردووە، بەڵام دەوڵەت بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە توانای دابینکردنی بژێویی ئەوانی نییە.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ و گەمارۆکان، نێوان ١ بۆ ٤ ملیۆن کەس لە ئێراندا کارەکانیان لەدەست داوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بژێوی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.