دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ١٤ی خاکەلێوە کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە جارێکی دیکە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کرایەوە سەر.
شەپۆلی نوێ و دیکەی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان حیزبی دێموکرات دوای ئەوە دێ کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چوارشەممە و پێنجشەممە (١٢-١٣)ی خاکەلێوەشدا بنکە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کرابووە سەر.
بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر بنکە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دراون، ٦٠٠ مووشەک و درۆنی تێپەڕاندووە. هەروەها لەو سەدان مووشەک و دڕۆنەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، زیاتر لە ٧٩دانەیان بەر کەمپە مەدەنی، کتێبخانە و نەخۆشخانە و بنکەی دەرمانی و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات کەوتوون.