ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕانسە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکات و بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز گوشار دەخاتە سەر تاران.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری لەم ڕێڕەوە گرنگەدا پێکهێنراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیری لە کردنەوەی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی تایمزی ئیسرائیل، ماکرۆن هیوای خواستووە لە ڕۆژانی داهاتوودا بتوانێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی ڕازی بکات.
گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندایە و هەر جۆرە پەککەوتنێک تێیدا، لێکەوتەی ئابووریی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە.
هاوکات، ژان نوێل بارۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری یەکجاریی قەیرانەکە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەبێت کە ئێران "ئیمتیازاتی گەورە" بدات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هەڵوێستەکانیدا بکات. ناوبراو ئەم مەرجەی وەک پێشمەرجی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ئێستا داناوە.