هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چڕبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و گوشارە دەرەکییەکان کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە پێنج حەفتەدا، هەزاران یەکەی پیشەسازییان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی وەستان یان کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە کەرتەکانی وەک پۆڵا، پێترۆشیمی و پیشەسازییە بەکاربەرەکان.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانیش گوشاری سەر بژێوی هاووڵاتییانی زیاتر کردووە؛ بە شێوەیەک کە نرخی مریشک تا ۷۵ لەسەد و گۆشت تا ۶۸ لەسەد زیادی کردووە و زۆرێک لە کاڵا سەرەکییەکان کەم بوونەتەوە.
هاوکات، گەمارۆی دەریایی و سنووردارکردنی هەناردەی نەوت کە بەشێکی گرنگی داهاتی دراوی بیانیی ئێران پێکدەهێنێت، ئاسۆی ئابووریی ئێرانی تاریکتر کردووە.
بەرپرسانی ناوخۆیی ڕێژیم باسیان لە لەدەستدانی لانیکەم یەک میلیۆن هەلی کار کردووە، لە کاتێکدا شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە تاکوو نیوەی هێزی کاری ئێران ڕووبەڕووی بێکاری ببنەوە.
لەم نێوەدا، پەککەوتنی پیشەسازییە سەرەکییەکان، زنجیرەیەک لە سستبوونی لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووریدا دروست کردووە.
سەرەڕای ئەم گوشارانە، ئێران بە پشتبەستن بە پێگەی خۆی لە گەرووی هۆرمۆز و تواناکانی نێوخۆ، هەوڵ دەدات لە بەرامبەر گوشارەکاندا بەرگری بکات و کاتی زیاتر بۆ گۆڕینی بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەکە بەدەست بهێنێت.