کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕۆبیۆ: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تووشی درز و ململانێی قووڵی نێوخۆیی بوونەتەوە

11:56 - 8 بانەمەڕ 2726

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشنیارە نوێیەکەی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز قەبووڵنەکراوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی تاران لە نێوخۆدا تووشی دابەشبوون و کێشەی قووڵ بوون.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشنیاری کۆماری ئیسلامی بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ دەریایییەکانی بە "ناپەسند" ناو برد.

ڕۆبیۆ وتی: ''مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە کردنەوەی گەرووەکە ئەوەیە کە دەڵێن: لەگەڵ ئێمە هەماهەنگ بن و مۆڵەتمان لێ وەربگرن، ئەوکات دەتوانن پێێدا تێپەڕ بن.''

ڕۆبیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کێشەکانی نێوخۆی دەسەڵات لە ئێران و وتی: ''جگە لەوەی وڵاتەکە لەلایەن پیاوانی ئایینیی شیعەی توندڕەوەوە بەڕێوە دەبرێت، ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە ئەوان تووشی درز و کەلێنیکی قووڵی نێوخۆیی بوونەتەوە.

هەموویان توندئاژۆن، بەڵام توندئاژۆیان وایان تێدایە دەزانن دەبێت وڵات و ئابوورییەک بەڕێوە ببەن، لە بەرامبەریشدا توندئاژۆی وا هەن کە تەنیا بەپێی بیروباوەڕە ئایینییە توندەکان دەجووڵینەوە.''

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە "توندئاژۆ خاوەن ڕوانگە مەزهەبییەکان" دەسەڵاتی کۆتایییان لە ئێراندا بەدەستەوەیە. ناوبراو لەم چوارچێوەیەدا باسی لە دۆخی موجتەبا خامنەیی کرد و ڕایگەیاند: ''پێگە و دەسەڵاتی ئەو هێشتا تاقی نەکراوەتەوە و گومان لە ئاستی دەستڕۆیشتووییەکەی دەکرێت؛ ئەو کەسێکە کە لە ناوەندە گشتییەکاندا نەبینراوە، قسەی نەکردووە و کەس دەنگی نەبیستووە، ئەمەش گرژییەکی زۆری لە نێو سیستمەکەیاندا دروست کردووە.''