ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کردەوەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ڕاکێشان و بەکارهێنانی منداڵان بە توندی مەحکووم کرد.
ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە، بڵاوی کردەوە، کەمپەینی ڕاکێشانی منداڵانی لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە بە "پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە "دەکرێت وەک تاوانی شەڕ ئەژمار بکرێت".
ئێریکا گوێڤارا ڕۆزاس، بەڕێوەبەری باڵای بەشی توێژینەوە و داڕشتنی سیاسی لەم ڕێکخراوەیە، بەکارهێنانی منداڵانی لە گرووپە نیمچەسەربازییەکانی بەسیج و لە بازگەکانی پشکنیندا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکارییەکی توندی مافەکانی منداڵان زانی و وتی: "بەکرێگرتنی منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ بۆ ئەندامێتی لە گرووپە چەکدارەکاندا، بە تاوانی شەڕ دادەنرێت."
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پشکنین و شیکارییان بۆ ١٦ وێنە و ڤیدیۆ کردووە کە لە١ ی خاکەلێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
ئەم وێنانە منداڵانێک نیشان دەدەن کە چەکی وەک کڵاشینکۆفیان بەدەستەوەیە، یان لە تەنیشت هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپە نیمچەسەربازییەکانی دیکە لە بازگەکانی پشکنین، گەڕە دەورییەکان و ڕێپێوانە سەربازییە ڕێکخراوەکاندا لە شارەکانی تاران، مەشهەد و کرماشان ئامادەن.
ئەم ڕێکخراوە داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە ڕێکاری ڕوون بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ بۆ ناو هێزە سەربازییەکان، لەوانە دامەزراوەکانی بەسیجی سەر بە سپای پاسداران بگرنە بەر.
هەروەها داوای کردووە دڵنیایی بدەن کە هەموو ئەو ئەندامانەی ئێستای بەسیج و هێزە چەکدارەکانی دیکە کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە، دەستبەجێ لەو ڕێکخراوە بهێنە دەرەوە.