کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: سێنتکام گەڵاڵەیەکی هێرشبەرانەی "کورتماوە و بەهێز"ی دژی ئێران ئامادە کردووە

08:46 - 10 بانەمەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، گەڵاڵەیەکی بۆ جێبەجێکردنی شەپۆلێک هێرشی "کورتماوە و بەهێز" دژی ئێران ئامادە کردووە و بڕیارە ئەم پلانە ڕادەستی دۆناڵد ترامپ بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، گەڵاڵەیەکی بۆ ئەنجامدانی هێرشگەلێکی سنووردار بەڵام توند دژی ئێران ئامادە کردووە کە لەوانەیە بەئامانجگرتنی ژێرخانەکانیش لەخۆ بگرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بڕیارە لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە بژاردە نیزامییەکان کە ئەگەری هەیە هێرشیان بکرێتە سەر، ڕوونکردنەوە بە ترامپ بدرێت.

وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە کاتبەندی یان بڕیاری کۆتایی بۆ جێبەجێکرانی ئەم هێرشانە بڵاو نەکراوەتەوە و ڕوون نییە کە ئایا ئەم گەڵاڵەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە یان نا.

ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دوای دەرگیرییەکانی ئەم دوواییانە لە ناوچەکە، زۆر بووە و بژاردەی نیزامی، ئێستاش لە دەستوری کاری واشنگتۆندایە.