کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیت هێگسێت: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی

09:08 - 10 بانەمەڕ 2726

وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرەڕای گوشارە سەربازی و سیاسییەکان، بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕانەگیراوە و واشنگتۆن لە چاوەدێریکردنی جموجۆڵەکانی تاران بەردەوامە.

پیت هێگسێت، ئێوارەی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕ، لە کۆنگرەی وڵاتەکەی جەختی کردەوە کە ئەمریکا ڕێگە نادات تاران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

ناوبراو لە یەکەم دانیشتنی لێپرسینەوە سەبارەت بە تێچووەکانی شەڕی ئێران وتی، دەوڵەتی ترامپ بڕیارێکی سەخت بەڵام پێویستی بۆ ڕێگریکردن لە ناوکیبوونی ئێران داوە و هیچ ڕێگەیەک جگە لە شەڕ لەگەڵ تاران نەمابوو.

هێگسێت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە شوێن‌کەوتنی تەماحە ناوکییەکانی خۆی بەردەوامە و هۆشداریی دا کە ڕەخنەکانی دێموکراتەکان لە بەرژەوەندیی تاران دەشکێتەوە.

هاوکات دەن کین، سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا، ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی بۆ هەر ئەگەرێک دووپات کردەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان لە ئیسلام‌ئاباد بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان تا ئێستا بێ‌ئەنجام ماونەتەوە.