فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) داوا دەکات مووشەکە پێشکەوتووەکانی جۆری "دارک ئیگڵ" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێن.
ئاژانسی "بلومبێرگ" ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕ بڵاوی کردەوە، ئامانجی ئەم هەنگاوەی سێنتکام بۆ ئەوەیە کە لە کاتی پێویستدا بۆ لێدانی بنکە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە قووڵایی خاکی ئێراندا بەکاریان بهێنێت.
ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا مووشەکی "هایپێرسۆنیک" کە خێرایییەکی یەکجار زۆری هەیە، بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی جێگیر دەکات.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕەتیان نەکردووەتەوە کە ئەگەر لەگەڵ ڕێبەرانی تاران نەگەنە ڕێککەوتن، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران دەست پێ بکەنەوە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران "بە شێوەیەکی بێکەموکوڕی" بەردەوامە و هێزی دەریایی ئەمریکا دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی سەپاندووە.
ترامپ جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و وتی: "تا ئێستا ٨٠ لەسەدی توانای مووشەکی و ڕادارەکانی کۆماری ئیسلامیمان لەکار خستووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر تاران ئامادەی ڕێککەوتن نەبێت، ئەوەی لە توانای سەربازییان ماوەتەوە، دەکرێتە ئامانج. شارەزایان پێیان وایە جێگیرکردنی مووشەکی "دارک ئیگڵ" پەیامێکی ڕوونی واشینگتۆنە بۆ تاران کە بژاردەی سەربازی لە هەموو کاتێک نزیکترە.