ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری "بێتشەمەش" دەکات و دەڵێت: ئەم هێرشە کە هاووڵاتییانی مەدەنی کردووەتە ئامانج، بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەچێتە خانەی "تاوانی شەڕ"ـەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێراندا بۆ سەر گەڕەکی "رامات لەحی" لە شاری بێتشەمەشی ئیسرائیل، کە لە ڕێکەوتی ١ی مارس (١٠ی ڕەشەمە) ئەنجام درا، ٩ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و ٤٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە جۆری ئەو چەکەی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا بەکاری هێناوە، بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکان "نەگونجاو" بووە و بە مەبەستی کوشتاری بەکۆمەڵ تەرخان کراوە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە باسی لەوە کردووە کە پاش پشکنینی مەیدانی و ڕاستکردنەوەی بەڵگە دیجیتاڵییەکان، ڤیدیۆ و وێنەکانی شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوتووە کە لە دەوروبەری ئەو ناوچەیەی مووشەکەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە، هیچ "ئامانجێکی سەربازی" بوونی نەبووە. ئەمەش وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵگر بۆ ئەوە دەهێنرێتەوە کە تاران بە ئەنقەست ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشە تێکدەرەکانی خۆی.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە جۆری چەکە بەکارهێنراوەکان و شێوازی هێرشەکە، نیشاندەری پشتگوێخستنی تەواوی گیانی مرۆڤەکانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە. لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە ناوەندە یاساییەکان دەکات ئەم هێرشە وەک پێشێلکارییەکی زەق و "تاوانی شەڕ" لێکۆڵینەوەی لێ بکەن و ڕێگری لە بەردەوامیی ئەم جۆرە کردەوە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی بگرن.