دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەتوانێت بە کاتێکی کەم گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە، کە ئێستا لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: «بە کاتێکی کەمتر، دەتوانین بە ئاسانی گەرووی هۆرمۆز بکەینەوە، نەوتەکە ببەین و سەروەتێکی گەورە بەدەست بهێنین.''
ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بە کردەوە داخراوە؛ بەهۆی ئەم ڕووداوەشەوە نرخی نەوت لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. شایانی باسە ٢٠ لەسەدی نەوتی جیهان لە گەرووی هۆرمۆزەوە دەگوازرێتەوە.
ترامپ چەند کاتژمێرێک پێشتریش هەڕەشەی لە ئێران کردبوو و لە هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆشداری دابوو کە ''دوای پردەکان، نۆرەی وێستگەکانی کارەبا دەگات.'' ئەم هەڕەشەیەی ترامپ ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەمریکا پردێکی لە حاڵی دروستکردندا لە شاری "کەرەج" کردە ئامانج.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئێوارەی ١٢ی خاکەلێوە وتبووی ''لە ماوەی دوو بۆ سێ حەفتەی داهاتوودا گورزی زۆر توندیان لێ دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین.''