کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: چارەنووسی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ئێسفەهان ناڕوونە

10:15 - 10 بانەمەڕ 2726

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن ئۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە نێو کۆمەڵگەی ئەتۆمیی ئێسفەهاندا مابێتەوە.

ڕافائێل گرووسی ئاماژەی بەوە کرد کە وێنە ماهوارەییەکان ئاستی زیانەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوەندە نیشان دەدەن، بەڵام ئاژانس هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی وردە.

گرووسی وتی، تا ئێستا بە دڵنیاییەوە نازانرێت کە ئایا ئۆرانیۆمی پیتێنراو و سەرمۆرەکانی ئاژانس لەو ناوەندەدا ماون یان نا، بەڵام گومانیان هەیە کە مادە ئەتۆمییەکان هێشتا لەوێ بن.

ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە ئاژانس خوازیاری پشکنینی ناوەندەکانی "فۆردۆ" و "نەتەنز"ە، چونکە پێدەچێت لەوێش هەندێک ماددەی ئەتۆمی مابنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو و لە کاتی شەڕی دوازدە ڕۆژەدا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کران.

لە بەرامبەردا نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ڕەتکردنەوەی لادان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕەخنەی لە ئاژانس و شۆرای ئەمنییەت گرت کە هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران سەرکۆنە نەکردووە.