کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەوڵاوا؛ هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو

12:50 - 10 بانەمەڕ 2726

تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە سنووری شاری سەوڵاوا، جیا لە بریندارکردنی هاووڵاتییەک، زیانی زۆری ماددیشی لێ کەوتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بانەمەڕ، هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵان بە ناوی "عەلی شەریفی" لە نزیک گوندی "بیکەڕە" بووەتە قوربانیی تەقینەوەی مین.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم ڕووداوە لە نزیک سەنگەر و بنکەیەکی کۆن و چۆڵکراوی ڕێژیم ڕووی داوە.

لەم تەقینەوەیەدا، ماشینی ناوبراو بە تەواوی تێک شکاوە و خودی عەلی شەریفی بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.

کێڵگە مینە پاکنەکراوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینە نوێیانەی کە کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردییەکان لە کوردستان دەیانچێنێت، ساڵانە دەبنە هۆی قوربانی بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی.

شایانی باسە کە جێگیرکردنی مین لە دەوروبەری بنکە سەربازییە کۆنەکان، مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر ژیانی گوندنشینان و ئاژەڵداران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا.