وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگری وڵاتەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە، ماوەی کاتژمێرەکانی ڕابردوودا ١٣ دڕۆنی تێک شکاندووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سیستمی بەرگری عەرەبستان ڕۆژێک پێشتریش توانیویەتی ٦ دڕۆن و مووشەکێکی بالستیک تێک بشکێنێت کە بەرەو ناوچەی "شەرقیە" ئاراستە کرابوون.
بەرپرسانی ڕیاز ئەم هێرشانە وەک بەشێک لە سیاسەتی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە لەلایەن تارانەوە وەسف دەکەن و هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە کارانە، ئەمنییەتی گشتیی وڵاتانی ناوچە بە توندی دەخاتە مەترسییەوە.
بەرپرسانی عەرەبستان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەم کارانە نموونەی ئاشکرای دەستدرێژین بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ، ڕایانگەیاندووە کە هەموو بژاردەکانی وەڵامدانەوە بۆ ئەم هەڕەشانە بە مافی خۆیان دەزانن.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هەواڵی بەرپەرچدانەوەی بەرفراوانی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی پەیوەندیداری بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا ١٨ مووشەکی بالستیک، ٤ مووشەکی کرووز و ٤٧ دڕۆنی پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەم وەزارەتە زیادی کردووە کە لە سەرەتای دەسپێکی ئەم هێرشانەوە، بە گشتی ٤٧٥ مووشەکی بالستیک، ٢٣ مووشەکی کرووز و زیاتر لە ٢ هەزار دڕۆن تێک شکێنراون.