ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکایی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوودا، "سەعادەت ئاقاجانی" جێگری نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێرانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ئەمنییەتی نەتەوەیی لە وڵاتەکەی دەرکردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هەنگاوە لە کاتی خۆیدا میدیایی نەکراوە و یەکێک بووە لەو سێ حاڵەتەی دەرکردنی دیپڵۆماتە ئێرانییەکان لە نیویۆرک کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕوویان داوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٤دا یاداشتێکی فەرمی ئاراستەی نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێران لە نیویۆرک کردووە و داوای لە ئاقاجانی کردووە دەستبەجێ خاکی ئەمریکا جێبهێڵێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم دیپلۆماتە ئێرانییە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا بە ناوی "بڕگەی ١٣" ناچار بە ڕۆیشتن کراوە؛ ئەمە ڕێکارێکی نێوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە کە بۆ دەرکردنی "بێدەنگ"ی دیپڵۆماتەکان بەکاردێت، بەبێ ئەوەی کەسی دیاریکراو بە فەرمی وەک "کەسی نەخوازراو" بناسێندرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم ڕێکارە بۆ ئەو دیپڵۆماتانە بەکاردەهێنێت کە گومانی سیخوڕی یان ئەنجامدانی کارێکی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکان و ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیان لێ دەکرێت.