بێنیامین نەتانیاهوو ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی، نزیکەی ٧٠ لەسەدی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران لەنێوچووە؛ ئەمەش بە وتەی ئەو، توانای تارانی بۆ بەرهەمهێنانی چەک بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، ئەم هەنگاوەی وەک "دەستکەوتێکی گەورە" وەسف کرد و وتی: ئەم هێرشانە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییان لە سەرچاوە داراییەکان و تواناکانی پیشەسازیی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانی چەک بێبەش کردووە.
نێتانیاهوو هەروەها هەواڵی هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم هاوکارییە لە ئاستی سیاسی و سەربازیدا بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێ لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئامانجە دیاریکراوەکان لەنێو ئێران و هەروەها دژی حیزبوڵڵای لوبنان.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر کۆمەڵگە پیشەسازییەکان، لەوانە پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان و پۆڵای خوزستان، زیانیان بەرکەوتووە.