کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک مانگی ڕابردوودا ٩ شانەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی کەنداو هەڵوەشاونەتەوە

18:59 - 14 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، کۆمەڵێک کردەوەی تێکدەرانە و تۆڕی سیخوڕی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئاشکرا کراون و پووچەڵ کراونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوە بڵاوکراوەتەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوەیت لە ماوەی ٢٧ ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٤ تۆمەتباری پەیوەندیدار بە چالاکییە سیخوڕییەکان بۆ تاران و حزبوڵڵای لوبنانیان دەستبەسەر کردووە و ٩" شانەی تیرۆریستی"یان هەڵوەشاندووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەندامانی ئەم تۆڕانە خاوەنی ڕەگەزنامەی جیاواز بوون، لەوانە ئێرانی، لوبنانی، کوەیتی و بەحرەینی و لە ڕێگەی بەڵگەنامە و دانپێدانانە بەدەستهاتووەکانەوە، ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەوان لە پڕۆژەکانی دزەکردنی ئەمنییەتی و تێکدەرانەدا پشتڕاست کراوەتەوە.

یەکەم حاڵەت لە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە قەتەر ئاشکرا کرا و دوایین حاڵەتیش لە ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بوو کە نیشانی دەدات بە تێکڕا هەر سێ ڕۆژ جارێک تۆڕێکی سەر بەم ڕەوتانە ئاشکرا کراوە.

"الشرق الاوسط" ئامانجەکانی ئەم شانانەی بە سیخوڕی، لاوازکردنی سەروەری نیشتمانی وڵاتانی خانەخوێ، پلانداڕشتن بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان، تێکدانی ئابووری و هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی هاووڵاتییان ناوبردووە.