کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات ئەمڕۆکە بۆ جاری چەندەم بە مووشەک هێرشیان کرایەوە سەر.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ١٤ی خاکەلێوە کەمپەکانی ئازادی، ئامرییە، زەویەسپی و چەند شوێنێکی دیکە نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە بۆ چەندەمین جار بە ٧ مووشەک و دڕۆن هێرشیان کرایەوە سەر.
شەپۆلی نوێ و دیکەی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان حیزبی دێموکرات دوای ئەوە دێ کە لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا بنکە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کرابووە سەر.
بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر بنکە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دراون، ٦٠٠ مووشەک و درۆنی تێپەڕاندووە. هەروەها لەو سەدان مووشەک و دڕۆنەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، زیاتر لە ٨٦یان بەر کەمپە مەدەنی، کتێبخانە و نەخۆشخانە و بنکەی دەرمانی و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات کەوتوون.