کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازی محەممەد؛ لووتکەی بەرپرسیارێتی و واتای ڕاستەقینەی ڕێبەر بۆ هەموو قۆناغەکان

19:43 - 14 خاکەلێوه 2726

سەلام ئیسماعیل پوور

لە مێژووی خەباتی پڕهەورازونشێوی نەتەوەی کورددا، ناوی پێشەوا قازی محەممەد زیاتر لە ڕێبەرێکی سیاسیی ئاسایی، وەکوو هێمایەک بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و جێگیرکردنی دوو تایبەتمەندیی باڵای دەروەستی و ئەخلاق لە پرۆسەی ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکدا ڕەنگیان داوەتەوە.

ئەو لە قۆناغێکی هەستیاری مێژوویی و لە نێو دڵی قەیرانێکی قووڵدا، نەک هەر وەکوو دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بەڵکوو لە پێگەی کەڵەمرۆڤێکی بەرپرسیار لە بەرانبەر چارەنووسی نەتەوەکەیدا دەردەکەوێت. پێشەوا ڕەوایی خۆی لە سواربوونی شەپۆلی پێشهاتەکان و هەلومەرجی سیاسیی سەردەم وەرناگرێ، بەڵکوو وەکوو پیرەدارێکی بەردەم ڕەشەبای مێژوو و سیاسەت، بنجی لە قووڵایی ڕەوەزی نیشتمان داکوتاوە و بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتی، پرێستیژی ئایینی و پێوەندیی قووڵی لەگەڵ کۆمەڵگاکەی، دەگاتە ئاستی نوێنەرایەتیی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی.

لە قۆناغی دامەزرانی کۆماردا، هەوڵ دەدات کە پرۆژەیەکی سیاسی لەسەر بناغەی شوناسی نەتەوایەتی، بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک و ڕێزگرتن لە پرەنسیپە ئەخلاقییەکان بینا بکات؛ هەوڵێک کە نیشان دەدات خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکان دەکرێ لە چوارچێوەیەکی بەرپرسیارانە و یاساتەوەریشدا بەڕێوە بچێت و پێش بە سەرەڕۆیی، تاکپەرەستی و بێسەروبەری بگیرێت.

لە قۆناغی بەڕێوەبردنی کۆماردا، پێشەوا لەگەڵ بابەتێکی ئاڵۆز بەرەوڕوو بوو؛ لە لایەکەوە کەموکۆڕییەکانی کۆمەڵگا و گوشارە نێوخۆییەکان و لە لایەکی دیکەوە ئەو ئاستەنگانەی کە دەرئەنجامی هەلومەرجی ناوچەیی و جیهانی بوون. وێڕای ئەوەش، بە لێزانی و هەوڵێکی بێوچان توانیی دامەزراوە مەدەنییەکان، سیستمی پەروەردە بە زمانی کوردی، سوپای میللی و کیانێکی سیاسی و بەڕێوەبەریی خاوەن ڕەوایی دێموکراتیک دابمەزرێنێت. هەڵگرتنی ئەو هەنگاوانە لە ماوەیەکی کورتدا، دەرخەری تێڕوانینێکی ستراتژیکی دوورمەودا بۆ پرسی نەتەوەسازی بوو.

لەم قۆناغەدا لێهاتوویی و بڕشتی ئەخلاقیی پێشەوا لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەسەڵاتدا دەرکەوت؛ ئەو هەوڵی دا پێش بەوە بگرێت کە کۆماری تازەدامەزراو تەنیا ببێتە دەسەڵاتێکی سەربازی و ئەمنی یا سیستمێکی خێڵەکی و کۆنەپارێز؛ بەو شێوەیە توانیی بیکاتە دەسەڵاتێکی وەڵامدەر لە بەرانبەر خەڵکدا کە لە ڕێگەی یاساوە سنووردار کرابوو. هەر ئەم تێڕوانینە بوو بەهۆی ئەوەی کە تەنانەت لە هەلومەرجی ناسەقامگیری و قەیرانیشدا بەسەر دۆخەکاندا زاڵ بێت و دیمەنی ڕێبەرێکی هێور و میانڕەو و دەروەست بە بنەما و پرەنسیپەکانی لە خۆی پیشان بدات.

بەڵام لووتکەی هێژایی ئەخلاقی و نەتەوەیی قازی محەممەد لە قۆناغی ڕووخان و داگیرکرانی کۆماری کوردستاندا خۆی دەردەخات. پاش کارەساتی ڕووخانی کۆمار، هەلومەرجەکە بە جۆرێک بوو کە دەیتوانی وەکوو زۆرێک لە ڕێبەرانی سیاسی، خۆی دەرباز بکات و گیانی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام خۆویستانە لە مەهاباد مایەوە؛ بڕیارێک کە پێش هەموو شتێک لەو تێگەیشتنە قووڵەوە سەرچاوەی دەگرت کە لە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر بە گەلەکەی هەیبوو و دەرخەری پابەندبوونێکی ئەخلاقیی ڕەها بەرانبەر بە سوێندنامەکەی لە ژێکاف و سوێندی سەرکۆماری و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە بەردەم ئاپۆرای خەڵکدا بوو.

پێشەوا زۆر باش دەیزانی کە بەجێهێشتنی وڵات دەتوانێ ببێتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی بێبەزەییانە و تۆڵەکردنەوەی ڕێژیم لە خەڵکی ئاسایی. هەربۆیە مانەوەی هەڵبژارد -مانەوەیەک کە بە گیانی خۆی نرخەکەی دا، بەڵام واتای ڕاستەقینەی ڕێبەریی وەکوو دەروەستییەکی ئەخلاقی، نەک بە تەنیا وەکوو پلە و پێگەیەکی سیاسی سەلماند. ئەو هەڵبژاردنە، قازی محەممەدی کردە سەرچەشنێکی کەم وێنە لە مێژووی هاوچەرخدا؛ سەرچەشنێک کە بەو پێیە، واتای ڕاستەقینەی ڕێبەری، نەک لە ڕۆژانی سەرکەوتن، بەڵکوو لە کاتی دۆڕان و مەترسی و کارەساتەکاندا دەردەکەوێت.

ئەو لە هەلومەرجێکدا کە وادیار بوو هەموو شتێک بەرەو ڕووخان و کۆتایی دەچێت، بڕیاری دا کە بمێنێتەوە؛ نەک بۆ ئەوەی کە شەڕی مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بکات، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و ساڕێژکردنی برینی خەڵکێک کە بەڵێنیی وەفاداریی پێ دابوون و خۆی لە بەرانبەریان بە بەرپرسیار دەزانی. لێرەدایە کە خاڵی جیاکەرەوەی «ڕێبەریی ئەخلاقی» و «فەرمانڕەواییەکی ئاسایی» دەردەکەوێت.

لە مێژووی ناوچەکەدا، زۆر نموونە دەتوانین بهێنینەوە کە دەسەڵاتداران لە وەها دۆخێکدا هەڵوێستێکی زۆر جیاواز و پێچەوانە دەگرن. بۆ نموونە، محەممەدڕەزاشای پەهلەوی لە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتەکەی و لە کاتێکدا کە وڵات لەگەڵ کێشە و قەیرانی قووڵ دەستەویەخە بوو، ڕێگای هەڵاتن و بەجێهێشتنی وڵاتی هەڵبژارد؛ بڕیارێک کە هەرچەند دەکرێ وەک بڕیارێکی تاکەکەسی لێی تێبگەین، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەکرێ بە جۆرێک خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی لە قەڵەم بدرێت.

بە دیوێکی دیکەدا، جۆرێک لە بەرەوڕووبوونەوەی قەیران دەبینین؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێبەرانی سیاسی لەجیاتی وازهێنان لە دەسەڵات و یارمەتیدان بۆ تێپەڕینێکی هێمنانە و بەرپرسیارانە لە هەلومەرجی قەیراناوی، هێندە پێداگری لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن کە زیانەکانی بەرۆکی خەڵک و ژێرخانە گرینگەکانی وڵات دەگرێتەوە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، کۆمەڵگا دەکەوێتە نێو بەرداشی دوو دۆخی جیاواز: مانەوە لە بۆشایی دەسەڵاتدا، یان دانی تێچووی قورسی پێداگریی دەسەڵاتداران لەسەر مانەوەی خۆیان بە هەر نرخێک.

لەو بەراوردکارییەدا، گرینگیی هەڵوێستی مێژوویی قازی محەممەد بە شێوەیەکی بەرچاوتر دەردەکەوێت. پێشەوا نە ڕێگای چۆڵکردنی مەیدان و ڕزگارکردنی گیانی خۆی هەڵبژارد و نە لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیدا، خەڵک و وڵاتەکەی تووشی کوشتوبڕ و کاولکاریی زیاتر کرد. بژاردەی ئەو، هەڵبژاردنێک لە نێوان «گیانی خۆی» و «ئاسایشی خەڵک» بوو، و ئەو بژاردەی دووەمی هەڵبژارد. سەرچاوەی ئەو جۆرە بڕیاردانە، تێگەیشتنێکی قووڵ لە واتای بەرپرسیارێتی بوو؛ بەرپرسیارێتییەک کە نەک وەکوو دروشم، بەڵکوو وەک دەروەستییەک لە کرداردا خۆ دەنوێنێت. لەم سۆنگەیەشەوە، نوێنەرایەتیی شێوازێک لە ڕێبەری دەکات کە تێیدا دەسەڵات ئامانج نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ خزمەتکردن بە خەڵک.

لە ڕەوتی دادگای سەربازیدا، ئەم لایەنە لە کەسایەتیی پێشەوا بە ڕوونی دەردەکەوێت. قازی محەممەد نەک هەر لە هەڵوێستەکانی خۆی پاشگەز نابێتەوە، بەڵکوو بە ڕاشکاوییەکی کەم وێنەوە داکۆکی لە بڕیارەکانی خۆی و کۆماری کوردستان دەکات. کاتێک کە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دادوەری دادگای سەربازیدا کە: «ئایا تا ئێستا لەم دادگایەدا قسەیەکت کردووە کە پێچەوانەی ڕاستی بووبێت؟» دەڵێ: «ئەگەر قسەیەکم کردبێت کە بە دڵی دادگا بووبێت، لەو شوێنەدا درۆم کردووە» ئەوپەڕی ڕاستبێژی و ڕاوەستانی ئەو مرۆڤە مەزنە لە بەرانبەر دەسەڵات و دادگایەکدا کە لە بنەڕەتدا بە مەبەستی تێکشکاندنی ئەو پێک هێنراوە، دەردەکەوێت.

ئەو جۆرە هەڵوێستگرتنە، تەنیا پەرچەکردارێک لە ڕووی هەست و سۆزی دەروونییەوە نەبوو، بەڵکوو دەرخەری جیهانبینییەک بوو کە تێیدا ڕاستی و دەروەستی بەرانبەر بە خەڵک لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکی تاکەکەسییە.

لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە، ئەو هەڵسوکەوتە دەکەوێتە خاڵی بەرانبەری وارسکەی خۆپاراستن و حەزی سروشتیی مرۆڤ بۆ مانەوە. لە کاتێکدا کە مرۆڤ لە حاڵەتی ئاساییدا هەوڵ دەدات بە پاشەکشە یان نکۆڵیکردن، خۆی لە وەرگرتنی سزا و تۆڵە بپارێزێت، ئەو ڕێگایەکی پێچەوانەی هەڵبژارد کە بریتی بوو لە: پێداگری لەسەر ڕاستی، تەنانەت ئەگەر گیانی خۆی لەسەر دابنێت. ئەم هەڵبژاردنە، ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە «بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە» کە تێیدا تاک خۆی لە بەرانبەر خەڵک و مێژوودا بە بەرپرسیار دەزانێت.

لە ڕوانگەی سیاسیشەوە، ئەو خۆڕاگرییە گرینگییەکی تایبەتی هەبوو؛ چوونکە هەوڵی ناحەزان بۆ لەکەدارکردنی ڕەوایی و شکاندنی شکۆی بزووتنەوەکەی پووچەڵ کردەوە و ڕەنگ و ڕوخسارێکی ئاماژەگەرانە و هێمایینی پێ دا. پێشەوای کورد، لەو بێدادگایەدا نەک وەکوو تۆمەتبارێکی دەستەوەستان، بەڵکوو وەکوو باڵوێزی بزووتنەوەیەکی ڕەوا و هەڵگری ئارمانجی بەرزی نەتەوەیەک دەرکەوت.

میراتێک کە قازی محەممەد بۆ نەوەکانی دوای خۆی بە جێی هێشت، زۆر زیاتر لە ئەزموونێکی کورتخایەنی سیاسییە. ئەو پێوەرێکی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێبەر خستە ڕوو کە بەوپێیە، ڕێبەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە دژوارترین هەلومەرجەکاندا نە خۆی بە تەنیا دەرباز دەکات و نە خەڵکەکەی دەکاتە قوربانی، بەڵکوو تا دواساتەکانی ژیان، باری قورسی بەرپرسیارێتیی خۆی لە کۆڵ دەگرێت. ئەو میراتە تا ئێستاش وەکوو خوێنێکی گەش لە شادەمارەکانی بزووتنەوەیەکدا کە ئەو بناغەدانەری بوو و لە نێو تانوپۆی گوتاری نەتەوایەتی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی لە هەموو کوردستاندا جمەی دێت.

لە ئاکامدا دەبێ بڵێین، زیندووڕاگرتنی یادی قازی محەممەد، تەنیا کردارێکی سیمبۆلیک نیە، بەڵکوو سەرلەنوێ خوێندنەوەی چەشنێک لە ئاکار و هێژامەندییە -کە لەسەر بنچینەی ئەمەگناسی، دەروەستبوون، ڕاستبێژی و بەرپرسیارێتی پێک هاتووە.

پێوەندیی نێوان ئەو ئەزموونە مێژووییە و داخوازییەکانی ئەم سەردەمە نیشان دەدات کە ڕێگای خەباتی پڕشانازیی کورد ئەگەرچی پڕ لە کۆسپ و کارەسات و هەڵدێر و نسکۆ بووە، بەڵام هێشتا وزە و ڕەوایی خۆی لەو پرەنسیپانە وەردەگرێت کە ئەو بە فیداکردنی گیانی خۆی لە لەشی برینداری بزووتنەوەی نیشتمانی موتوربەی کردن.

هەنووکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، گەڕانەوە بۆ ئەو بەها پیرۆزانەی ڕێبازی پێشەوا دەتوانێ چرای ڕێگای داهاتوومان بێت؛ ئەو بەها و پرەنسیپانەی کە فێرمان دەکەن، ڕێبەر نەک لە بەجێهێشتن و هەڵاتنی کاتی قەیران و نەک لە خۆسەپێنی و سەرەڕۆییدا، بەڵکوو لە دەروەستی و هەڵگرتنی باری بەرپرسیارێتیدا دەبێتە خاوەنی پێناسە و واتای ڕاستەقینەی خۆی و دەچێتە نێو بیرگەی مێژوویی نەتەوەکەی.