کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچە

11:39 - 12 خاکەلێوه 2726

لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی، چەندین ئامانجی لە وڵاتانی ناوچە لەوانە عەرەبستان، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و ئیسرائیل پێکاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی کوەیت، هێرشێکی دڕۆنی کۆگاکانی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە گەیشتنی زیانی ماددی بە دامەزراوەکانی سووتەمەنیی فڕۆکەوانی دەکەن.

لە قەتەر، ناوەندی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاند کە کەشتییەک لە نزیک "ڕەئس لەفان" کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی سنووردار و کۆنترۆڵ کراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش نه‌وتهەڵگرێک لە ٣١ کیلومیتری دۆحە کرابووە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە بەحرەینیش بەرپرسانی فەرمی هەواڵی ئاگرکەوتنەوەیان لە ئەنجامی هێرشەکاندا ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە دوو دڕۆنیان تێک شکاندووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە چەند مووشەکێک لە ئێرانەوە بەرەو ئەو وڵاتە تەقێنراون و سیستمەکانی بەرگری خەریکی تێک شکاندنیانن.

ڕاپۆرتەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٤ کەس، لەوانە کچێکی تەمەن ١١ ساڵ بریندار بوون و باری تەندروستیی کچە بریندارەکە ناجێگیرە. پۆلیسی ئیسرائیلیش هەواڵی گەیشتنی زیانی بە چەندین شوێن لە ناوەندی ئەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها وتەبێژی حوسییەکان ڕایگەیاند کە بەیانی ئەمڕۆ بە چەندین مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە گرینگەکانی ئیسرائیل.