کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران بەردەوامە

22:16 - 14 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوە، لانیکەم ٢٨ کەس لە ناوچەکانی باشووری ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

 میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئەم کەسانەیان بە "پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل"، "تۆڕبەندی" و "کردەوەی تیرۆریستی" تۆمەتبار کردووە؛ ئەو تۆمەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە دۆسییە ئەمنییەتی و سیاسییەکاندا بەکار هێنراون.

میدیا حکوومییەکان هەروەها ئیدعای ئەوە دەکەن کە هەندێک لەو کەسانە پەیوەندییان بە میدیاکانی دەرەوەی وڵات هەبووە، یان زانیارییان سەبارەت بە شوێنە هەستیارەکان ناردووە.

بەهۆی پچڕانی بەرفراوانی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، هیچ دەرفەتێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی ئەم ئیدعایانە لە ئارادا نییە.

نەبوونی زانیاریی ڕوون سەبارەت بە ناسنامەی دەستبەسەرکراوەکان، شوێنی ڕاگرتنیان و بێبەشبوونیان لە پارێزەر، گومان و ناڕوونییەکانی سەر ئەم دۆسیانەی زیاتر کردووە.

ئەم دەستبەسەرکردنانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی پچڕانی ئینتێرنێت لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەکەن، ئەمەش وای کردووە بنەماڵەی گیراوەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە زەحمەت بتوانن ئاگاداری دۆخی دەستبەسەرکراوەکان بن.

هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلە نوێیەی دەستگیرکردن، ڕاپۆرتەکان باس لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و زیادبوونی گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسی دەکەن.

ئەم گۆڕانکارییانە وێنای توندتربوونی کەشێکی ئەمنییەتی خنكێنەر لە وڵاتدا نیشان دەدەن؛ کەشێک کە تێیدا دەستبەسەرکردن، پچڕانی پەیوەندییەکان و گوشار بۆ سەر زیندانییان هاوکات ڕوویان لە زیادبوون کردووە.