کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەندین شاری دیکە

10:19 - 15 خاکەلێوه 2726

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و شارە جیاوازەکانی ئێران بە چڕی بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە ژێرخان و ناوەندە جیاوازەکان گەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی تاران، کەرەج، خوڕەمئاوا، ئابادان، ئیسفەهان، خۆی و تەورێز بەردەوام بووە.

لە شاری تاران، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە ناوچەکانی وەک "نیاوەران، ڕوبات‌کەریم و مەجیدیە" بیستراوە. هەروەها بەپێی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکووری تاران لەوانە "دەربەند، کێوەکانی باکووری شار، کلکچاڵ و جەمشیدیە" زۆر قورس بوون.

سەرچاوە هەواڵییەکان، لەوانە کاناڵی"ئێن بی سی نیوز" لە زمان هاووڵاتییەکی نیشتەجێی تارانەوە بڵاویان کردووەتەوە کە هێرشەکانی شەوی هەینی و بەرەبەیانی شەممە یەکێک بووە لە "ترسناکترین" شەوەکانی تاران لە ماوەی ٣٥ ڕۆژی ڕابردوودا، بەجۆرێک کە تەقینەوە یەک لەدوای یەکەکان و دەنگی بەردەوامی زەنگی ئاگادارکردنەوە، کەشێکی پڕ لە ترس و ئاڵۆزیی لە شارەکەدا دروست کردووە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی زنجیرەیەک گورزی سەربازی و لۆجستیکی کەم وێنە بووەتەوە. ئامانجگرتنی هاوکاتی ناوەندە ستراتیژییەکان لە تاران و شارەکانی دیکە، نیشانەی لاوازبوونی توانای بەرگریی ئاسمانی و پەککەوتنی ژێرخانە موشەکییەکانی ڕێژیمە.