کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل

10:35 - 15 خاکەلێوه 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد و بەپێی ڕاپۆرتەکان زیانی ماددی و برینداری لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بەرەبەیانی شەممە ١٥ی خاکەلێوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەرجەم سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە چڕەکانی کۆماری ئیسلامی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە ناوچەی پیشەسازیی "نێگێڤ" بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەک، ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە ڕوویداوە. هەروەها لە شاری "بنی براک" پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بە سووکی بریندار بووە و زیانی زۆر بە چەندین ماشین گەیشتووە. شارەوانیی "رۆش هاعین"یش ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بەرکەوتنی مووشەکێکی "خوشەیی" ڕێژیم، کارەبای گشتیی شارەکە بەتەواوی بڕاوە.

هاوکات، تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریە بڵاوی کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوە لە دیمەشق بیستراوە، کە دەوترێت بەهۆی تێکشکاندنی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بووە.