کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی مانگی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل، ٨٨ مووشەک و دڕۆنی ئاراستەی بنکەکانی حیزبی دێموکرات کردووە.
لەم هێرشانەدا کتێبخانە، نەخۆشانە و بنکە دەرمانییەکان و ماڵەکان لە کەمپە مەدەنییەکانی حیزب و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزب لە نیزیک کۆیە و هەولێر (ئازادی، ئامرییە، زەویەسپی، دێگەڵە، جێژنێکان و گردەچاڵ) و مەقەڕی پێشمەرگەکانی حیزب لە بالیسان بە مووشەک و دڕۆن بە ئامانج گیراون.
هاوکات لەگەڵ بەئامانجگیرانی حیزبی دێموکرات و چەند حیزبێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی ئەو مووشەک و دڕۆنانەی لە ماوەی ئەم مانگەدا ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کراون، ٦٥٠ مووشەک و دڕۆنی تێپەڕاند کە بەهۆیەوە ١٤ کەس شەهید بوون و ٩٣ کەسیش بریندار بوون.
شەش کەس لە شەهیدەکان پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستانن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشتریش ڕایگەیاندووە هێرشی مووشەكی و دڕۆنی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندە سەربازی و مەدەنییەکانی هەرێمی كوردستان کە لە ڕۆژەکانی یەکەمی هەڵگیرسانی شەڕەوە بەردەوام بوون، پێش هەموو شتێک دەرخەری دژمنایەتیی ئەو حكوومەتە جینایەتكارە لەگەڵ نەتەوەی كورد لە هەموو بەشەکانی كوردستانە.