کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج حەفتە بەسەر پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا تێپەڕی

12:07 - 15 خاکەلێوه 2726

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی پێنج حەفتەی تەواوە، دەستی هاووڵاتییانی لە تۆڕی جیهانیی ئینتێرنێت بڕیوە.

ماڵپەڕی "نێت بلاکس" کە چاودێریی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە جیهاندا دەکات، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە پێنج حەفتەی تەواو بەسەر پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا تێپەڕ دەبێت، کە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەممەی ڕابردووەوە و دوای دەسپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی نێت بلاکس، ئێران دوای تێپەڕبوونی ٨٤٠ کاتژمێر لە بێدەنگیی دیجیتاڵی، چووەتە نێو ٣٦ـەمین ڕۆژی پچڕانی پەیوەندییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بەردەوامیی شەڕ، هێشتا دیار نییە کە کەی هاووڵاتییان دەتوانن دووبارە دەستیان بە ئینتێرنێت ڕابگاتەوە.

ئەمە بە درێژترین ماوەی پچڕانی ئینتێرنێت لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دادەنرێت. پێشتر و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، ڕێژیم بۆ ماوەی سێ حەفتە ئینتێرنێتی پچڕاندبوو، بەڵام ئەمجارە ماوەکە هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە.

بێبەشکردنی خەڵک لە ئینتێرنێت لە کاتی شەڕدا، لە کاتێکدایە کە مافی پەیوەندی و ئاگاداربوون لە جیهانی دەوروبەر، یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە هەیە. بەرپرسانی ڕێژیم لە لێدوانە تەمومژاوییەکانیاندا، هۆکاری ئەم بڕیارەیان بۆ "دۆخی نائاسایی" گەڕاندووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، "فاتمە مهاجەرانی" وتەبێژی حکوومەتەکەی مەسعوود پزیشکییان، ڕایگەیاندووە کە ئینتێرنێت تەنیا بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە "دەنگەکان دەگەیەنن"؛ ئەم لێدوانە نیشان دەدات کە ڕێژیم تەنیا بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی خۆی ئامادەیە ئینتێرنێت بۆ کەسانی سەر بە خۆی دابین بکات.