کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی تایبەتی پێترۆشیمی ماهشەهر کرایە ئامانج

12:15 - 15 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕێژیم، ناوچەی تایبەتی ئابووریی پترۆشیمی لە ماهشەهر، بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کراوەتە ئامانجی شەپۆلێک لە هێرش و چەندین کۆمەڵگەی پترۆشیمی بۆمباران کراون.

ئەم تەقینەوانە لە نێوان کاتژمێر ١٠:٤٥ تا ١١ی بەیانی بە کاتی تاران ڕوویانداوە و دەنگی چەندین تەقینەوە لە سەرانسەری ناوچەکە بیستراوە.

هەواڵدەری "فارس" سەر بە سپای پاسدارانیش لە زاری جێگری ئەمنییەتیی پارێزگاری خوزستان ڕایگەیاند کە شیرکەتەکانی پترۆشیمی فەجر ١ و ٢، ئەبوعەلی، ڕیجال و ئەمیرکەبیر پێکراون.

میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانیش ڕوودانی ئەم تەقینەوانەیان پشتڕاست کردووەتەوە پێرسۆنێل و هێزە جێگیرکراوەکان لەو کۆمەڵگەیانە خەریکی جێهێشتنی شوێنەکەن و دۆخی ناوچەکە بە زۆر قەیراناوی وەسف کراوە.

هەواڵدەرییەکانی ئێران دەڵێن ئەگەری هەبوونی زیانی گیانی لەم هێرشەدا زۆر زۆرە.

لە نێو ئەم ڕاپۆرتانەدا هەروەها هاتووە کە دەروازەی بازرگانیی سنووریی "شەلەمچە" لە خوڕەمشەهر کراوەتە ئامانج و زیانی جیددی بەرکەوتووە.