کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی و کۆگاکانی مووشەکیی ڕێژیم لە تاران کرانە ئامانج

13:30 - 15 خاکەلێوه 2726

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە هێرشە چڕەکانی شەوی ڕابردوودا بۆ سەر تاران، چەندین بنکەی ستراتیژیی بەرگریی ئاسمانی و کۆگای مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی تێک شکاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەرتەشی ئیسرائیل کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، بڵاو کراوەتەوە، لە شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکاندا، دامەزراوەکانی بەرگریی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری تاران کراونەتە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان، بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی سەر بە سپای پاسداران بووە، کە مووشەکەکانی تایبەت بە پێکانی فڕۆکە و ئامانجە ئاسمانییەکانی تێدا کۆگا کراوە. هەروەها بنکەیەکی دیکەی سەربازی کە ئەرکی پاراستنی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی چەک و تەقەمەنیی ئێرانی لەسەر بووە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە کراوەتە ئامانج و تێک شکێندراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، ئەو شوێنانەی کە مووشەکە بالستیکەکانی لێ ڕاگیراوە، لەگەڵ ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی سیستمە جیاوازەکانی چەک و تەقەمەنی، کەوتوونەتە بەر گورزی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل.

ئەم هێرشانە بەشێکن لە ستراتیژیی بێهێزکردنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی و پەکخستنی ئەو ژێرخانانەی کە ڕێژیم بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت.