کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی تاران بۆ سەر گەرووی بابولمەندەب و تێکدانی ئەمنییەتی وزە

13:46 - 15 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشیەیتد پرێس"، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوە، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاماژەدان بە قەرەباڵغی گەرووی بابولمەمەندەب، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەگەری هێرشی داهاتووی بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە گرینگەکانی دیکە ڕاگەیاند؛ هەڕەشەیەک کە ئەگەر بێتە دی، کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت.

گەرووی بابولمەندەب کە پانییەکەی ٢٠ مایلە، دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیند دەبەستێتەوە و یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوەکانی بازرگانی جیهان؛ زیاتر لە یەک لەسەر دەی نەوتی جیهان و نزیکەی یەک لەسەر چواری کەشتییە بارهەڵگرەکان لەم دەروازەیەوە تێدەپەڕن.

ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدا دەکرێت کە کۆماری ئیسلامی هاتوچۆی نەوتی لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە بە توندی پەک خستووە؛ کارێک کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی سووتەمەنی و دروستکردنی ناجێگیری لە ئابووری جیهاندا.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە سیاسەتە ناوچەییەکانی تاران، نەک هەر هەڕەشە لە ئەمنییەتی وزەی جیهانی دەکەن، بەڵکوو سەقامگیری ئابووری و سیاسی وڵاتانی دراوسێش دەخەنە مەترسییەوە.