لە درێژەی بۆمبارانی بەندەرەکانی باشووری ئێران، وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر کەوتە بەر هێرش و زیانی پێ گەیشت.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکانی نێوخۆی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، هێرش کراوەتە سەر بەندەری بوشێهر و تروسکە و پارچەکانی تەقینەوەکە بەر ناوچەی پارێزراوی وێستگەی ئەتۆمیی ئەو شارە کەوتوون.
هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران پشتڕاستی کردووەتەوە کە "پاشماوەی تەقەمەنییەک لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر کەوتووەتە خوارەوە" و بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەکەوە یەکێک لە بیناکانی تەنیشت وێستگەکە زیانی پێ گەیشتووە. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە پێرسۆنێلەکانی بەشی پاراستنی فیزیکیی وێستگەکە لەم هێرشەدا کوژراوە.
ئەمە چوارەمین هێرشە بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر لەم ماوەیەدا، بەڵام سەرچاوەکانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە زیان بەر بەشە سەرەکییەکانی وێستگەکە نەکەوتووە و چالاکییە ئەتۆمییەکان بەردەوامن.
هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی هێرشەکان، بڕیارە لەم حەفتەیەدا نزیکەی ٢٠٠ پێرسۆنیلی ڕووسی لە وێستگەی بوشێهر بچنە دەرەوە و پاشەکشە بکەن. جێگای ئاماژەیە کە حەفتەی ڕابردووش ڕووسیە ڕایگەیاندبوو کە ١٦٣ کەس لە پسپۆڕ و کارمەندەکانی خۆی لەو ناوچەیە کشاندووەتەوە.
ئەم پاشەکشەیەی پسپۆڕە ڕووسەکان و پەککەوتنی سیستمە بەرگرییەکانی ڕێژیم لە پاراستنی ناوەندە هەستیارەکان، نیشانەی قووڵیی قەیرانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییە کە تەنانەت دامەزراوە ستراتیژییەکانیشی پارێزراو نین.