لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و هێرشە دەرەکییەکان، ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە ترۆپک و باڵی توندڕەو داوای دەسبەسەرکردنی بەرپرسانی پێشووی ڕێژیم دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی نێوخۆی ئێران، لە درێژەی قووڵبوونەوەی کەلێنە سیاسییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی تاران، حەمید ڕەسایی، یەکێک لە نوێنەرە توندڕەوەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، داوای دەسبەسەرکردنی "حەسەن ڕوحانی" سەرکۆماری پێشوو و "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری پێشووی دەرەوەی کردووە.
هۆکاری ئەم داواکارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراوان بە ئاشکرا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان دەکەن. ڕەسایی داوای لە دەزگای دادی ڕێژیم کردووە کە بە خێرایی "ڕێکاری دادوەری" بۆ گرتنی ئەم دوو بەرپرسە بگرێتە بەر، تەنیا لەبەر ئەوەی خوازیاری وەستاندنی تێکهەڵچوونەکانن.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد جەواد زەریف لە کاردانەوە بەم گوشارە نێوخۆییانەدا ڕایگەیاندووە کە هەر جۆرە ڕێککەوتن یان ئاگربەستێک دەبێت بنەڕەتی بێت و چارەسەری ڕاستەقینەی قەیرانەکان بکات، نەک تەنیا وەستانێکی کاتی بێت.
جەمسەرگیریی سیاسی لە نێوخۆی ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرپرسانی باڵای پێشووی ڕێژیمیش لە تۆمەتی خیانەت و گرتن پارێزراو نین.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا سەرجەم جومگە هەستیارەکانی بڕیاردان و کاروباری ستراتیژیی وڵات لە دەستی حکوومەت دەرهێنراوە و سپای پاسداران بەتەواوی دەستی بەسەر هەموو بڕیارە گرینگ و چارەنووسسازەکاندا گرتووە.