ده‌قی قسه‌کانی دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی هه‌یئه‌تی حیزب له کۆبوونه‌وه‌ی "کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران" له له‌نده‌ن
ئاماژە: له ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی مارسی ٢٠٢٦ کۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی "کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران" به به‌شداریی نزیکه‌ی ٤٠٠ که‌س له که‌سایه‌تی و چالاکان و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی له له‌نده‌ن به‌ڕێوه چوو. جگه له ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌لق و که‌مپی ڕه‌زا په‌هله‌وی، نوێنه‌رانی زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه و نێوخۆی وڵات (له کۆماریخواز، مه‌شرووته‌خواز و چه‌په‌کانه‌وه بگره تا لایه‌نه‌کانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و پێکهاته سینفی و مه‌ده‌نییه‌کان) چ به حزووری و چ به شێوه‌ی ئانلاین له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوون. کۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌کاریی كۆنگره‌ی ئازادیی ئێران مانگێک پێشتر هه‌ر له له‌نده‌ن به‌ڕێوه چووبوو که له‌وێدا کاک خالید عه‌زیزی، وته‌بێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وه‌ك نوێنه‌ری حیزب به‌شدار ببوو.
له دوو ڕۆژ کاری کۆبوونه‌وه‌که‌دا کۆمه‌ڵێک وتاربێژ و پانێلیست ڕوانگه‌کانی خۆیان بۆ ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی خسته ڕوو. ته‌وه‌ره‌کان بریتی بوون: ژێنده‌ر و دێموکراسی، ڕۆڵی هاووڵاتییان و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی، گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك پێشمه‌رجی دێموکراسی، لێکگه‌یشتنی ئۆپۆزیسیۆنی فره‌چه‌شن، حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان وه‌ك مۆتۆری بزوێنه‌ری دێموکراسی، نه‌خشی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی له دێموکراسی پایه‌داردا، ئێرانی بێ هه‌ڵاواردن له ڕێگای به‌شداری و کۆده‌نگییه‌وه.
کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران ئیدیعای ڕێبه‌ری و ئالترناتیڤ سازی ناکا و جارێ ته‌نیا فۆڕۆمێکی به زه‌رفییه‌ته بۆ دیالۆگ و گفتگۆی ڕوانگه جیاوازه‌کان له‌مه‌ڕ ڕێگاکانی تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی دێموکراتیک له ئێران‌دا. له کۆتایی کاره‌کانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕاگه‌یاندراوێک بڵاو کرایه‌وه که جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی درێژه‌دانی ڕه‌وتی شکڵ‌گرتنی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران ده‌كاته‌وه و کۆمه‌ڵێك سازوکاری نوێ به‌تایبه‌تی دروستکردنی سکرتاریایه‌ک له په‌نای شوڕای هه‌ماهه‌نگیی کۆنگره‌که بۆ بردنه‌پێشی کار و به‌رنامه‌کانی ئاینده‌ی ئه‌و کۆنگره‌یه ده‌خاته ڕوو.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌یئه‌ته‌کانی سێ حیزبی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان)، هه‌روه‌ها چه‌ند که‌س له ئه‌کادیمییه‌کانی کورد، به‌شدار بوون. هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به سه‌رپه‌رستیی دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده و پێکهاتوو له ئاسۆ ساڵح، دوکتور مه‌نسوور سۆهرابی، مه‌ولوود سواره و ڕزگار ئالانی له په‌ڕاوێزی کاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی که‌س و لایه‌نه‌کانی شوێندانه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا دیدار و چاوپێکه‌وتنیان هه‌بوو و ڕوانگه‌کانی حیزبی دێموکراتیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی یه‌كگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندیی کورد و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێرانه‌وه بۆ شی کردنه‌وه.
پێویسته بگوترێ که مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران باڵی به‌سه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری باس و خواسه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کێشابوو. به‌تایبه‌تی وتاری ڕاشکاوی پێشکه‌شکراو له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێرانه‌وه کاریگه‌ریی له بردنه‌سه‌ری وشیاریی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا هه‌بوو. ئه‌و کوردانه‌ی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا وتاریان پێشکه‌ش کرد بریتی بوون له د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده که سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن وته‌بێژی حیزبیشه‌وه وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، ناهید به‌همه‌نی، د. مه‌نسوور سۆهرابی، د. بێهرووز چه‌مه‌ن‌ئارا، د. شوکریه برادۆست.
ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌قی قسه‌كانی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دایه:
سڵاوتان لێ بێ. له سه‌ره‌تادا به پێویستی ده‌زانم له‌لایه‌ن کاک خالید عه‌زیزی، وته‌بێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشه‌وه شتێك بڵێم. هه‌روه‌ک ده‌زانن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به‌ڕێزیانی ڕاسپاردبوو که له ڕه‌وتی پێکهێنانی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران‌دا نوێنه‌رایه‌تیی حیزب بکا. ناوبراو له کۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌کاریی ئه‌و کۆنگره‌یه‌دا لێره چالاکانه به‌شدار بوو. به‌ڵام بۆ ئه‌م کۆبوونه‌وه گرینگه‌ی ئه‌مجاره، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ناوبراو ده‌یویست لێره به حزووری به‌شدار بێ، به‌ڵام به‌هۆی هێندێك کۆسپ و پێشهاتی له‌پڕ و تایبه‌تی نه‌یتوانی ته‌شریف بێنێ. هه‌ربۆیه ئه‌منی ڕاسپارد هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌خت بکه‌مه‌وه که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی له هه‌ر جۆره هه‌وڵێكی جیددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوه‌ی هه‌مه‌لاگیر بۆ یه‌كگرتنی ڕاسته‌قینه‌ی هێزه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی و خوازیاری گۆڕان له ئێران‌دا ده‌کا. به‌تایبه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان به گرینگی ده‌ڕوانێته ئه‌م چوارچێوه‌یه که لێره له حاڵی شکڵگرتن‌دایه. ئه‌و حیزبه له سه‌ره‌تای کاره‌که‌دا له‌گه‌ڵتان بوو و له درێژه‌ی کاره‌که‌شدا له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێ. دیاره به له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌ما سیاسییه‌کانی حیزبی دێموکرات و هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، ئێمه له درێژه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌دا و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیارانه‌ی لێره له‌باره‌ی ده‌رکه‌وتی کۆبوونه‌وه‌كه و ئه‌و سازوکارانه‌ی لێی ده‌که‌وێته‌وه تێبینیی خۆمانمان ده‌بێ، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ له درێژه‌ی هاوکاریی حیزبی دێموکرات دڵنیا بن.
ئێستا، له‌به‌ر ئه‌وه که به سیفه‌تی شه‌خسیی خۆشم له پانێل‌دا بووم، ده‌مه‌وێ وه‌ك پانێلیست باسه‌که‌ی خۆمتان پێشکه‌ش بکه‌م. "ده‌مه‌وێ وته‌کانم (به زمانی کوردی) به تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌ست پێ بکه‌م. ئێمه‌ی کورد له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌مینه‌ین. به‌ڵام ئێستا ئه‌من ده‌توانم ته‌نیا له ڕێگای زمانه‌وه زۆرینه‌ی ئێوه که له من تێ‌ناگه‌ن بخه‌مه دۆخێک که له‌ودا ده‌سه‌ڵات له‌لای ئێمه‌یه و ئه‌وه ئێوه‌ن که ده‌چه‌وسێنه‌وه، چونکه له من تێ‌ناگه‌ن.
ببوورن، له‌بیرم چوو، ده‌بێ به فارسی قسه بکه‌م. زۆرینه‌ی به‌شدارانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه فارس زمانن یان فارسی ده‌زانن و ئێمه کورده‌کان لێره که‌مایه‌تیین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ر ئێستا ئه‌من ته‌نیا به گوتنی چه‌ند وشه‌ی کوردی ده‌سه‌ڵاتم گرته ده‌ست و ئێوه‌م له دۆخێكی نادڵخواز و ناله‌بار دا‌نا. واته هه‌مان ئه‌و شته‌ی زیاتر له سه‌ت ساڵه له ئێران له ئارادایه و به‌شێك له خه‌ڵکی وڵات که هیچ داتایه‌کی زانستی نایسه‌لمێنێ زۆرینه‌ی دانیشتووانی وڵات بن، له ڕێگای ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و له ڕێگای زمانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه که ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی و زمانییان جیاوازه و به ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وان زۆرینه‌ن، حوکم ده‌کا.
بێگومان منیش وه‌ک دۆستانی دیکه سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه ده‌که‌م که توانییان ته‌یفێکی ئه‌وه‌نده به‌ربڵاو و فره‌چه‌شنی نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی لێره کۆ بکه‌نه‌وه. به‌ڕاستی جێگای ده‌ستخۆشییه. ئه‌منیش له‌و زه‌رفیه‌ت و لێبورده‌ییه بێوێنه‌یه‌ی لێره به‌دی ده‌کرێ، خۆشحاڵم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئه‌ولاتر له‌و مه‌رامنامه مته‌وازیعه بڕۆن که له سایتی کۆنگره‌ی ئازادیی ئێران‌دا بڵاو بۆته‌وه، پێکهێنانی به‌ستێنێكی له‌بار و به‌زه‌رفییه‌ت بۆ ده‌نگه جیاوازه‌کان به‌س نیه. ته‌نانه‌ت ده‌نگه جیاوازه‌کان ده‌توانن ببنه هۆی کاکۆفۆنی (ژاوه ژاو). هونه‌ر ئه‌وه‌یه فره ده‌نگی بکه‌ن به هاوده‌نگی. بۆ ئه‌وکاره‌ش ئێمه پێویستیمان به زیاتر له لێبورده‌یی هه‌یه، لێبورده‌یی ئاکامدار، فره‌یی ڕاسته‌قینه که له ڕوانگه‌ی من و له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه له گرینگ‌ترین ڕه‌هه‌ندی خۆیدا واته خیسڵه‌تی فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران به‌و جۆره‌ی ده‌بێ لێره دانی پێدا نانرێ. فه‌ڕانسه‌وییه‌کان ده‌ڵێن گای که‌ڵ ده‌بێ به شاخه‌کانی بگری. ئه‌من هێشتا ئه‌وه لێره نابینم.
ئێمه زۆر باسی ئازادی و یه‌کسانی ده‌كه‌ین به‌ڵام ناڵێین ئه‌و پره‌نسیپانه به چ شێوه‌یه‌ک له پێکهاته‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ریدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێ. دۆستان! چۆن ده‌كرێ باسی ئێرانی فره‌چه‌شنی و نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن بکه‌ین به‌ڵام فره‌یی پێناسه نه‌که‌ین و دیاری نه‌که‌ین که مه‌به‌ستمان له هه‌ڵاواردن، هه‌ڵاواردنی کێیه و قوربانیی هه‌ڵاواردن به ڕه‌سمی نه‌ناسین؟ چۆن ده‌کرێ باسی یه‌كگری و کۆده‌نگی بۆ ئێرانی سبه‌ینێ و نموونه هه‌ڵگرتنه‌وه له سازوکاره‌کانی به‌شداریی سیاسی بکه‌ین، به‌ڵام نه‌ڵێین ئه‌وانه‌ی وا به‌نیازن ئێرانی سبه‌ینێ سه‌رله‌نوێ ساز بکه‌نه‌وه کێن: حیزبه‌کانن، تاکه‌کانن، هاووڵاتییانن، نه‌ته‌وه‌کانن؟ و بیر له ڕێکاره‌کانی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات نه‌که‌ینه‌وه.
دوێنێ له ته‌نیشت ئه‌و قسه باش و هیوابه‌خشانه‌ی کران، هێندێک که‌س به‌داخه‌وه بابه‌تی میللییه‌ته‌کانی ئێرانیان دابه‌زانده ئاستی ناسنامه‌ی تاکه‌که‌سی و گوتیان ده‌رمانی هه‌موو ده‌رده‌کان له ئێرانی سبه‌ینێ دا ته‌نیا و ته‌نیا مافی هاووڵاتییه.
دۆستان! ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵبژاردن یان باوه‌رێکی تاکه‌که‌سی نیه، واقعیه‌تێكی عه‌ینییه له ڕه‌هه‌ندی به‌كۆمه‌ڵدا که بۆ هه‌موو ئێمه وه‌ك یه‌ک گرینگه. لێره دۆستان جۆرێک وشه‌ی ئێتنیک و ئێتنیکه‌كان به‌کار ده‌به‌ن که هه‌ر ده‌ڵێی به‌شێک له مرۆڤه‌کان له ئێران به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی دیکه نێوچاوانی خۆیانیان تاتۆ کردووه! ئه‌گه‌ر ئێمه ئێتنیکین، ئه‌دی ئێوه چین؟
مافی هاووڵاتی به‌ته‌نیا ناتوانێ وڵامده‌ری پێویستیی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فره‌یی فه‌رهه‌نگی له به‌ستێنی سیاسی و پێکهاته‌ی حکومه‌تیدا بێ، چونکه باس له‌و کۆمەڵگەیانه‌یه که خۆیان پێ گه‌ل یا نه‌ته‌وه و خاوه‌نی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسه. ئێستا هه‌روه‌ک به‌ڕێز عه‌لیجانی دوێنێ ئاماژه‌ی پێ کرد که بۆ ئێرانی سبه‌ینێ که‌س نابێ به‌دوای لانی‌زۆرخوازیدا بێ، ئه‌گه‌ر وای دابنێنین نه‌ته‌وه‌یه‌ک لانی زۆری مافی خۆی که سه‌ربه‌خۆییه داوا نه‌کا و بۆ نموونه به ویستی خودموختاری یا فیدرالیزم قه‌ناعه‌ت بکا، ئه‌من له ئێوه ده‌پرسم لایه‌نی به‌رامبه‌ر واته ناوه‌ندگه‌راکان ئاماده‌ن له‌و لانی زۆره‌ی بۆخۆیانیان داناوه، چ مایه‌یه‌ک دابنێن؟ هیوادارم لێره که‌س له‌وه که ئه‌من وشه‌ی نه‌ته‌وه بۆ کورد به‌کار ده‌به‌م نه‌ڕه‌نجێ! ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کاتالۆن و کێبێک و ئێسکاتله‌ند به ڕه‌سمی و له به‌ستێنی حکوومه‌تیدا به نه‌ته‌وه ناو ده‌برێن، بۆ ده‌بێ کورده‌کان ئه‌و مافه‌یان نه‌بێ؟
ئه‌وه که یه‌كیەتیی سیاسی و فره‌یی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌ك ناکۆک بن یا نا، به ده‌ست خۆتانه. ڕاسته خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی و ڕوانینمان بۆ جێگه و پێگه‌ی گرووپه‌کان و ڕێگاچاره نیهادییه‌کان زۆر جیاوازه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده هه‌بێ و به‌جێگای مه‌زنیخوازی و له‌یه‌كتر ترسان، له جێگه و پێگه‌ی وه‌كیه‌کی سیاسی و له به‌ستێنی قانوونی‌دا به‌دوای ئامانجی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری‌دا بچین، گه‌یشتن به سه‌نتێز ته‌واو مومکینه، هه‌روه‌ك له‌و وڵاتانه‌دا که دێموکراتیک و فره‌نه‌ته‌وه‌ن مومکین بووه، بۆ نموونه هه‌ر له‌و وڵاته‌ی ئه‌و دانیشتنه‌ی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێ.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوپەیمانیی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، نه‌ك ته‌نیا چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان به‌ڵکوو په‌سندکراوه‌کانی ئیئتلافیش ده‌روه‌ستیان ده‌کا که ئه‌ندامه‌تی له هه‌ر ئیئتلافێکی سه‌راسه‌ریدا به به‌ڕه‌سمی ناسینی فره‌نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا ببه‌ستنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه کورده‌کان میوانین، ڕێز له خۆتان و سروودی نه‌ته‌وه‌یی و ئاڵا و ئه‌و موزیکه سه‌تا سه‌ت فارسییانه‌ی دوێنێ لێره لێ دران، ده‌گرین. به‌ڵام میوان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاری هه‌یه، ده‌بێ بڕوا و سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌ڕوا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌روه‌ک ده‌ڵێن کورده‌کان خاوه‌نماڵن و ئێمه له سازکردنه‌وه‌ی ئێرانی سبه‌یدا سووژه‌ی دامه‌زرێنه‌رین، ئێمه به جێگه و پێگه‌یه‌کی که‌متر له یه‌کسانیی ته‌واو له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی حاکم له پێناسه‌کردنه‌وه‌ی ئێران‌دا، چ هێماکانی چ پێکهاته سیاسییه‌که‌ی، ڕازی نابین.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم دروستکردنه‌وه‌ی متمانه که دوێنێ لێره باس کرا، زۆر شتێکی باشه. به‌ڵام به باوه‌ڕی من، سه‌ت ساڵ بێ‌متمانه‌یی به سه‌ت وشه‌ی جوان قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه. له مێژوو و ژیانی گه‌لاندا هێندێک برین هه‌ن که بۆ ساڕ‌ێژ بوونه‌وه ده‌بێ له‌پێشدا بکرێنه‌وه دوایه سه‌رله‌نوێ بدوورێنه‌وه. ده‌زانم کارێكی ئاسان نیه و پشوودرێژی و ئازایه‌تی و باجدان له هه‌موو لایه‌که‌وه‌ی ده‌وێ. به‌ڵام به شاردنه‌وه و پێچ و په‌نا هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ناکرێ، بگره درزه‌کان قووڵتر ده‌بنه‌وه و لێک دوور که‌وتنه‌وه ده‌گاته خاڵی بێ گه‌ڕانه‌وه.
سوپاستان ده‌که‌م.